ترەمپ "کەشتیگەلی ئاڵتوونی" ڕادەگەیەنێت
وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەک نزیک لە سەرۆکی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پەردە لەسەر پلانێکی گەورەی سەربازی لاببدات بۆ دروستکردنی کەشتیگەلێکی نوێ بە ناوی "کەشتیگەلی ئاڵتوونی" (Golden Fleet)، کە تێیدا جۆرێکی نوێ و گەورە لە کەشتی جەنگی بە ناوی "باتڵشیپ" (Battleship) دەناسێنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە دیدگای ترەمپ بۆ گۆڕینی ڕوخسار و توانای هێزی دەریایی ئەمریکا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست میدیاکان کەوتووە، کەشتییە جەنگییە نوێیەکە پەرەپێدراوی کەشتییە تێکشکێنەرەکانی جۆری (Arleigh Burke) دەبێت، بەڵام بە قەبارە و توانایەکی زۆر جیاوازەوە، کە کێشی کەشتییە نوێیەکە دەگاتە 30,000 تەن، کە زۆر گەورەترە لە تێکشکێنەرەکانی ئێستا، هەروەها توانای هەڵگرتنی چەکی داهاتووی وەک "تۆپی کارۆموگناتیسی" (rail guns) و "لێزەری وزە بەرز"ی دەبێت و بەشێوەیەک دیزاین کراوە بۆ هەڵگرتنی مووشەکی دوورمەودا و تەنانەت مووشەکی "هایپەرسۆنیک" (خێراتر لە دەنگ).
ترەمپ ماوەیەکی زۆرە ڕەخنە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئێستای ئەمەریکا دەگرێت و دەڵێت دیمەنێکی ناشرینیان هەیە و ژەنگاوی دەر دەکەون. بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ خۆی ڕاستەوخۆ دەستوەردانی لە داڕشتنی پلانەکانی "کەشتیگەلی ئاڵتوونی"دا کردووە تاوەکو کەشتیگەلێک بن کە هەم سامناک بن بۆ دوژمن و هەم لەڕووی بینینەوە "کەشخە" بن.
سەرەڕای جۆش و خرۆشی کۆشکی سپی، شارەزایانی سەربازی گومانیان لەم پرۆژەیە هەیە. مارک مۆنتگۆمێری، ئەدمیراڵی خانەنشین و بەڕێوەبەر لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان، ڕەخنەی توندی لە پرۆژەکە گرت و گوتی: ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە پێویستمان نییە.
بەگوێرەی شارەزایان: تێچووی هەر کەشتییەک لانی کەم 5 ملیار دۆلار دەبێت و کەشتییەکان سیستەمی بەرگریی پێویستیان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی چین. ڕەخنەگران دەڵێن پرۆژەکە زیاتر بۆ تێرکردنی حەزی ترەمپە بۆ کەشتی جوان نەک پێویستی تەکنیکی.
تیمێکی هاوبەشی کۆشکی سپی و هێزی دەریایی ماوەیەکە کار لەسەر ئەم پرۆژەیە دەکەن بە ئامانجی دروستکردنی هێزێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی چینی هەبێت و بتوانێت کۆنترۆڵی نیوەگۆی ڕۆژئاوا بکات. بڕیارە تا ساڵی 2030 یەکەمین نموونەی ئەم کەشتییە زەبەلاحانە بکەوێتە کار.
