وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا: دەبێت مادۆرۆ لە دەسەڵات نەمێنێت

لە یەکێک لە ڕوونترین ئاماژەکان بۆ خواستی ئەمەریکا بۆ گۆڕینی ڕژێمی ڤەنزوێلا، کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێت بڕوات و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بێت.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەمارۆی خستە سەر کەشتییە نەوتییە سزادراوەکان، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرت، نۆم لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیووز گوتی: ئێمە تەنیا ڕێگری لە کەشتییەکان ناکەین، بەڵکوو پەیامێک بە جیهاندا دەنێرین کە چالاکییە نایاساییەکانی مادۆرۆ قبووڵ ناکرێن و ئەو دەبێت بڕوات.

واشنتن ئەمساڵ فشارەکانی بۆ سەر کاراکاس بۆ بەرزترین ئاست زیاد کردووە؛ مادۆرۆی وەک سەرکردەی ڕێکخراوی کارتێلی خۆرەکان ناساندووە و بە تیرۆریستی ماددەی هۆشبەر وەسفی کردووە، هاوکات خەڵاتی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک داناوە کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمەریکا هێزێکی دەریایی زەبەلاحی لە دەریای کاریبی کۆکردووەتەوە، گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانی تێدایە و فڕۆکە جەنگییەکان بە بەردەوامی بەسەر کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا دەسوڕێنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئەمەریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی 30 بەلەم بە پاساوی قاچاخچیەتیی ماددەی هۆشبەر، کە بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 104 کەس.

سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی ئەمریکا بەڵگەی یەکلاکەرەوەی نەخستووەتەڕوو کە ئەو بەلەمانە ماددەی هۆشبەریان پێ بووبێت و شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی هێرشەکان بە نایاسایی وەسف دەکەن، بەڵام کۆشکی سپی سوورە لەسەر بەردەوامییان.

لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات ئامانجەکە ڕێگرییە لە ماددەی هۆشبەر، سوزی وایڵز، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری (Vanity Fair) ئامانجی ڕاستەقینەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: سەرۆک دەیەوێت بەردەوام بێت لە تەقاندنەوەی بەلەمەکان تا ئەو کاتەی مادۆرۆ تەسلیم دەبێت و ملکەچ دەنوێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل