ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵی گشتی ئەمەریکا پرسی تایبەت بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوموەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەولێر کرد و لەلایەن خاتوو وێندی گرین، کونسوڵی گشتی پێشوازی لێکرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆبوونەوەیەکی دوولایەنەدا هەردوولا چەند پرسی لەپێشینەی تایبەت بە بارودۆخی سیاسی، چاکسازییە دامەزراوەییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆییان تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکەدا، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا دەستخۆشی لە ئەدای پیشەیی نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (OCIA) کرد و وەک لایەنێکی جێی متمانە و ورد لە ناساندنی دۆخی هەرێم بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەسفی کرد،ئاماژەی بەوەش کرد کە هەماهەنگی لەگەڵ OCIA بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی کوالێتی و هاوسەنگی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوە پشتڕاستنەکراوەکان.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا پرسی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادوەری وەک بنەمایەک بۆ لێپرسینەوە و متمانەی گشتی باسی لێوەکرا.
دیندار زێباری نوێترین داتاکانی چاکسازی کەرتی میدیای خستەڕوو، لەوانەش نوێکردنەوەی ناسنامەی ڕۆژنامەنووسان بە تەکنەلۆژیای (NFC) لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانەوە. ئاشکرا کرا کە لە ئێستادا 3400 ڕۆژنامەنووسی چالاک لە هەرێمدا هەن، ئەم هەنگاوانەش وەک هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی زانیاری چەواشەکار و بەرزکردنەوەی متمانەی سەرچاوەکان هەڵسەنگێندرا.
