مادورۆ بۆ ترەمپ: باشترە لەبری هەڕەشەکردن لە کاراکاس، سەرنجت لەسەر وڵاتەکەی خۆت بێت
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمەریکییەکەی دایەوە سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی وڵاتەکەی. مادورۆ ڕایگەیاند: "باشترە ترەمپ لەبری هەڕەشەکردن لە کاراکاس، سەرنجی بخاتە سەر کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی."
مادورۆ لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا تەنیا خەریکی کاروباری وڵاتەکەی خۆی بێت، ئەوا بۆ وڵاتەکەی و بۆ جیهانیش باشتر دەبێت؛ جەختیشی کردەوە؛ ئەمە دەبێتە هۆی باشتربوونی دۆخی ئەمەریکا لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە.
ئەم پەرچەکردارەی مادورۆ دوای ئەوە دێت پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەم زووانە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ڤەنزوێلا دەستپێدەکات. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردبوو، واشنتن دەیەوێت هێرشەکانی لە دژی کارتێلەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرانسەری ئەمەریکای لاتین فراوانتر بکات و تەنیا لەناو خاکی ڤەنزوێلادا نەمێنێتەوە.
لە هەنگاوێکی دیکەدا وەک پێشینەیەکی یاسایی و سیاسیی جێی مشتومڕ هەژمار دەکرێت، ترەمپ دووپاتی کردەوە ئەمەریکا دەست بەسەر ئەو نەوتەدا دەگرێت کە لە تانکەرەکانی ڤەنزوێلا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە؛ ئەمەشی وەک بەشێک لە "هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" پاساو داوە.
