عێراق پلانی زیادکردنی باجی هەیە
کورتهێنانی بودجە، حکوومەت کردووە پەنا بۆ زیادکردنی باجی سەر هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی مووچە ببات، پسۆڕانی ئابووریش ئەمە بە بۆمبێک دەزانن کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتەقێتەوە.
بۆ دۆخی دارایی عێراق هیچ چارەسەرێکی نزیک مەودا نیە ، جگە لە سەپاندنی باجی زیاتر و کەمکردنەوەی مووچە فەرمانبەران، ئەمە ئەو دۆخە رەشەیە کە پسپۆڕانی ئابووریی لێی دەترسن و حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە نیازە پەنای بۆ ببات، دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، کورتهێنانی گەورەیان لە بودجە هەیە. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە، کورتهێنان شتێکی نوێ نییە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە خراپترین دۆخی خۆی.
ڕەمزی ساری، پسپۆڕی ئابووریی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ کێشەی گەورەی ئابووری عێراق لە ساڵی 2003وە بەردەوامە، کێشەکان لە حکوومەتێکەوە ڕادەستی حکوومەتێکی دیکە دەکرێن، بەڵام ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار ئەویش کورتهێنانی تەواوە. بەگوێرەی ئەو ڕێنماییانەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کردوویەتی، دەبێت لە عێراق باجی سەپێنراو بەسەر هاووڵاتیان زیاتر بکرێت و مووچە کەمبکرێتەوە. ئەمەش وادەکات نرخی شتوومەک لە بازاڕدا بەرزببێتەوە، لەم دۆخەدا ئەرکی حکوومەتی داهاتوو زۆر قورس دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە ئابووریناسانی نزیک لە حکوومەت باس لەوەدەکەن، دەکرێت کورتهێنان لە بوجە کەمبکرێتەوە ئەویش لە ڕێگەی نەرمی نواندنی بانکی ناوەندی لە هەندێک بواری جۆر بەجۆردا.
سەفوان قوسەی، ئابووریناس دەڵێت: ئێستا بڕی یەدەگ لە بانکی ناوەندیی ئەمەریکا توانای کۆنترۆڵکردنی بەهای دراو و کەمکردنەوەی کورتهێنانی هەیە، هەندێک نەرمی نواندن لەلایەن بانکی ناوەندییەوە هەیە بۆ زیادکردنی بودجەی پێویست بە بڕی 20 ملیار دۆلار، بۆ ئەوەی هەڵاوسان دروست نەبێت. هەروەها دەبێت سەرنج بخرێتەسەر وەبەرهێنان لە دەرەوەی بودجە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە.
سەرباری لێدوانی حکوومەت و بەشێک لە نزیکەکانی، بەوەی کورتهێنان کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان نابێت، بەڵام پسپۆڕان پێچەوانەی ئەوە دەڵێن و جەخت دەکەنەوە؛ ناکرێت کورتهێنان کەمبکرێتەوە بەبێ زیادکردنی باج،ئەمەش قەیرانێکی دیکەی ئابووریی دروستدەکات لە ماوەی نزیکی داهاتوودا.
