کوەیت شکست بە بازرگانی دەریایی عێراق دەهێنێت

حکوومەتی کوەیت بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، ڕێککەوتنێکی بۆ دروستکردنی بەندەرێکی سەرەکیی بازرگانیی بە بەهای زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری ئەمەریکی، لەگەڵ چین واژۆ کرد. ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر داهات و کەرتی بازرگانی دەریایی عێراق هەیە.

نووسینگەی وردبینی دەوڵەتی کوەیت، کە بەرپرس و چاودێریکاری حکوومەتە لە داهاتی گشتی، ڕایگەیاند "بۆ تەواوکردنی پرۆژەی بەندەری گەورەی موبارەک، بە تێچووی یەک ملیار و 280 ملیۆن دیناری کوەیتی، بەرانبەر بە چوار ملیار و 164 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکوومەتی چین واژۆ کردووە."

بە گوێرەی میدیاکانی کوەیت، لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، شێخ ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەحمەد ئال سەباح، سەرۆک وەزیران ئامادە بووە.

پرۆژەی دروستکردنی بەندەری گەوەرەی موبارەک دەکەوێتە دوورگەی بوبیان و بە تەواوبوونیشی پشکی داهاتی گشتیی و بازرگانی وڵاتەکە لە بازرگانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرز دەبێتەوە.

هەروەها لیو شیانگ، نوێنەری حکوومەتی چین دەربارەی ڕێککەوتننامەکە ڕایگەیاندووە، ئەمە دەرفەت و پشتیوانێکی باش دەبێت بۆ دەستپێشخەریی پرۆژەی پشتێنە و ڕێگە.

جگە لەم ڕێککەوتنە چوار ملیار دۆلارییە، حکوومەتی کوەیت لە ساڵی 2023، حەوت یاداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ حکوومەتی چین بۆ بەندەری گەورەی موبارەک واژۆ کردبوو، کە پرۆژی نیشتەجێبوون و پاککردنەوەی ئاو و وزەی نوێبووەوە لەخۆ دەگرێت.

دروستکردنی بەندەری گەورەی موبارەک لە لایەن حکوومەتی کوەیتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی 2011، بەڵام پرۆژەکە تاوەکوو ئێستا بە نیوەچڵی ماوەتەوە و تەواو نەکراوە، هەر لەو کاتەوە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق ئاماژەیان بە مەترسی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەو بەندەرەی کوەیت کردووە بۆ سەر بەندەر و کەناراوەکانی عێراق.

بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، تەواو بوونی بەندەری گەورەی موبارەک دەبێتە هۆی شکستهێنانی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو لە باشووری عێراق. 

پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو لە 5ی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراقەوە بەردی بناغەی دانرا، کە دەکەوێتە نیمچە دوورگەی فاو لە پارێزگای بەسرە؛ پرۆژەکە، لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور بە تێچووی نزیکەی پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی دروست دەکرێت و بڕیارە ساڵی داهاتوو 2026 بکەوێتە خزمەتی کەرتی بازرگانی عێراق.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراقی، بەندەری گەورەی فاو، گەورەترین دەروازەی بازرگانیی ئاوییە لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بە تەواوبوونی بەندەری  گەورەی موبارەکی کوەیت، عێراق تووشی گرفت دەبێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل