گومرگی هەولێر کاتی ڕاگرتنی ڕاییکردنی مامەڵەی ئۆتۆمبێل و دەفتەری ڕێگەپێدان ڕادەگەیەنێت
بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پاکتاوکردنی هەژماری کۆتایی ساڵ، گۆڕانکاری لە کاتی ڕاییکردنی مامەڵەکاندا دەکرێت و بۆ ماوەیەک کارەکان ڕادەگیرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەولێر کە ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوبووەتەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی پشووەکانی کۆتایی ساڵ و بە مەبەستی ئەنجامدانی پاکتاوی دارایی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا، سەرجەم ئەو کاروبارانەی پەیوەستن بە ئۆتۆمبێل و دەفتەری ڕێگەپێدان لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 24-12-2025، ڕادەگیرێن.
لە ئاگادارییەکەدا ئەوەش ڕوون کراوەتەوە، ڕاگرتنی مامەڵەکان لە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کاروباری ژمێریاری و ئامادەکارییە بۆ ساڵی نوێ، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەکرێت ڕەچاوی ئەو کاتە بکەن بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان.
