دیندار زێباری: پلانی نوێی مافەکانی مرۆڤ پابەندیی کوردستان بە ستانداردە جیهانییەکان دووپات دەکاتەوە

دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: حکوومەت هەنگاوە کردەییەکانی بۆ داڕشتنی پلانی داهاتووی مافەکانی مرۆڤی بۆ ساڵانی 2026 تا 2030 دەستپێکردووە.

 ئەم ڕاگەیاندنە لە میانی وۆرکشۆپێکی تایبەتدا هات کە ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025،  بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکانی پلانی پێشوو و دیاریکردنی ئەولەویەتە نوێیەکان بەپێی گۆڕانکارییەکانی قۆناغەکە ڕێکخرابوو.


لەو چالاکییەدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی (PAO) و بە پاڵپشتی تۆڕی هاوپەیمانی کەمینەکانی عێراق (AIM) بەڕێوەچوو، دکتۆر دیندار زێباری تیشکی خستە سەر گرنگیی پلانی گشتگیری ساڵانی 2021-2025 و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پلانە تەنیا بەرنامەیەکی کارگێڕی نەبووە، بەڵکو وەک دەستکەوتێکی سیاسی و ئەمنی گرنگ، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشاندانی پابەندییەکانی حکومەت بە بنەماکانی دیموکراسی گێڕاوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونیکردەوە کە لە ماوەی جێبەجێکردنی پلانی پێشوودا، سەدان ئاڵوگۆڕی زانیارییان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامداوە. هەروەها بۆ دڵنیابوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، 10 ڕێکاری نوێ دەرکراون و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، چونکە چاکسازی لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بە پرۆسەیەکی بەردەوام و بێوەستان دادەنرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەشدارییەکی کارای لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە، بەتایبەت لە کۆبوونەوەکانی خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تێیدا لە ڕێگەی وتاری فەرمییەوە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون کردووەتەوە.

پلانی نوێی ساڵانی 2026-2030 بە جۆرێک دادەڕێژرێت کە سەرجەم پرسە لەپێشینەکان و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت. 

دکتۆر دیندار زێباری جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕوابوونی تەواوی بە پڕەنسیبە جیهانییەکان و بەها مرۆییەکان، لەلایەن زۆرێک لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکەدا دەبینرێت، حکوومەتیش بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ڕێچکەیە بۆ باشترکردنی زیاتری ڕەوشی مافەکان و گونجاندنیان لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل