وەزیری ناوخۆی تورکیا کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی سوپاسالاری لیبیای پشتڕاست کردەوە

وەزیری ناوخۆی تورکیا کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی کە سوپاسالاری لیبیای تێیدا بووە پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، پارچەکانی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوە.

سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان توانیویانە پارچەکانی فڕۆکە تێکشکاوەکە بدۆزنەوە، کە محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد سوپاسالاری لیبیا لەگەڵ پێنج سەرنشینی دیکە تێدا بووە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، شوێنی دۆزینەوەی فڕۆکەکە دەکەوێتە دووریی 2 کیلۆمەتر لە باشووری گوندی "کەسیککاڤاک"ی سەر بە شارۆچکەی هەیمانە لە پارێزگای ئەنقەرە.

یەرلیکایا جەختی کردووەتەوە کە لەبارەی وردەکاریی زیاتر و پێشهاتەکانی ڕووداوەکەوە، ڕای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.

کەمێک پێش ئێستا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندبوو فڕۆکەیەکی تایبەت کە سەرۆکی ئەرکانی سوپای لیبیا و چەند سەرنشینێکی تری تێدایە، لە ئاسمانی تورکیا ونبووە، گوتیشی: فڕۆکەکە بەرەو تەرابلوس بەڕێکەوتبوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی، ئاماژەی نیشتنەوەی بەپەلەی ناردووە و پاشان پەیوەندیی لەگەڵ ناوەندەکانی کۆنترۆڵ پچڕاوە.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، فڕۆکە ونبووەکە لە جۆری فالکۆن 50 بووە و بە ژمارەی نیشانەی 9H-DFJ ناسراوە، فڕۆکەکە کاتژمێر 20:10ی ئەمشەو لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرەوە بە ئامانجی گەیشتن بە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بەڕێکەوتووە، بەڵام کاتژمێر 20:52 پەیوەندیی لەگەڵدا پچڕاوە.

باسی لەوەش کردبوو، لەناو فڕۆکە ونبووەکەدا پێنج سەرنشین هەبووە، کە دیارترینیان فەریق ڕوکن محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد، سەرۆکی ئەرکانی سوپای لیبیایە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل