وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشەخۆراکی زیاتر لە 4 ملیۆن هاووڵاتی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت
وەزارەتی بازرگانی وردەکاریی ڕاگرتنی بەشەخۆراکی ملیۆنان هاووڵاتی و پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردن ڕاگەیاند.
وەزارەتی بازرگانی عێراق وردەکاریی نوێی سەبارەت بە پڕۆژەی نوێکردنەوەی کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە؛ ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی شەفافیەت و دڵنیابوونەوەیە لە گەیشتنی یارمەتییەکانی حکوومەت بۆ ئەو کەسانەی کە بە ڕاستی شایستەن. محەممەد حەنون گوتەبێژی وەزارەت ئاشکرای کرد، تا ئێستا نزیکەی 38 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرانسەری وڵات زانیارییەکانیان لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنییەوە نوێ کردووەتەوە، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژی گۆڕانی دیجیتاڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
سەبارەت بە ڕاگرتنی بەشەخۆراکی بەشێک لە هاووڵاتیان گوتەبێژی وەزارەت ڕوونیکردەوە، پڕۆسەی وردبینی و هاوتاکردنی داتاکان بووەتە هۆی ڕاگرتنی کاتیی کەلوپەلی بەشەخۆراک بۆ نزیکەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی. ئەم بڕیارە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری تەکنیکییەوە بووە کە گرنگترینیان بریتین لە نوێ نەکردنەوەی زانیارییەکان لە وادەی دیاریکراودا و بوونی ناوی دووبارە لە داتابەیسەکەدا یان مانەوەی ناوی ئەو کەسانەی کۆچی دواییان کردووە و ناوی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و بە شێوەی یاسایی بوونی خۆیان لە ناوخۆی عێراق پشتڕاست نەکردووەتەوە.
وەزارەتی بازرگانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، ئەم ڕاگرتنە هەمیشەیی نییە و ئەو کەسانەی زیانلێکەوتوون دەتوانن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەوە زانیارییەکانیان ڕاست بکەنەوە و دوای تەواوبوونی وردبینی ڕاگرتنەکە لەسەریان هەڵدەگیرێت. هەروەها وەزارەت جەختی کردەوە؛ کارئاسانی تەواو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کراوە و لە ئێستاشدا پڕۆژەیەکی تاقیکاری لە پارێزگاکانی واست و دیوانیە دەستی پێکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و دواتر پڕۆسەکە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی وڵات دەگرێتەوە.
