هۆکاری ڕاگیرانی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق ئاشکرا دەبێت

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، بەهۆی پێداویستی ناوخۆییەوە، ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق ڕاگرتووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، ئێران بەرپرسانی بەغدای ئاگادارکردووەتەوە لەوەی پێویستییان بە گازی سروشتییە لەناوخۆ، هەربۆیە هەناردەکردنی بۆ عێراق ڕاگرتووە؛ بەمەش وڵاتەکە نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات کارەبا لە دەست دەدات.

بەگوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز، عێراق هیچ پلان و جێگرەوەیەکی بۆ گازی ئێرانی نییە و ناچارە لەبەرامبەر کەمبوونەوەی هاوردەی گاز لە ئێرانەوە پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییەکانی کەم بکاتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق پشتڕاستی کردووەتەوە، هەناردەکردنی گازی ئێرانی بەتەواوی وەستاوە، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی 4000 بۆ 4500 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وزە. 

ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ڕایگەیاندووە، لایەنی ئێرانی بەهۆی "بارودۆخێکی کتوپڕەوە" ئاگاداریان کردوونەتەوە لە ڕاگرتنی هەناردەی گاز. ئەم دۆخە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی بەشێک لە وێستگەکان و کەمبوونەوەی بڕی کارەبای بەردەست بۆ هاووڵاتییان.

 وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستی کردووە بە بەکارهێنانی سووتەمەنی ناوخۆیی بۆ کارپێکردنی وێستگەکان، وەک ڕێکارێکی خێرا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان. سەرەڕای ئەم قەیرانە، وەزارەتی کارەبا جەخت دەکاتەوە کە دۆخی بەرهەمهێنان لەژێر کۆنترۆڵدایە و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ دابینکردنی سوتەمەنی پێویست و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروست بووە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل