لە هەولێر دوو هەزار زەوی دابەش کران
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، لە دیوانى سەرۆکایەتىی شارەوانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی پێنجەم بە شێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی دوو هەزار پارچە زەوی دیكە بەسەر فەرمانبەرانى فەرمانگە و دامودەزگاکانى سەنتەری شار، ئەوانەی کارتی زانیارییان سەنتەری شاری هەولێرە.
لە رێورەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی ناویان لە تیروپشك گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی دابەش كراوە و هەموو ئەو فەرمانبەرانەشی دابەشكردنی زەوی دەیانگرێتەوە دەگاتە ( 120 بۆ 125 هەزار ) فەرمانبەر.
بۆ بینینی ناوی ئەوانەی پارچە زەوییان بۆ دەرچووە، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی، كە لە هیچ شارێكی دیكەی هەرێم پڕۆسەكە بەو شێوەیە نەچووەتەپێش و بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش بەردەوامە تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکوومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی، دوای ئەوانیش دەست بە دابەشكردنی زەوی دەكرێت بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئەو ڕێنمایی و میكانیزەمی داڕێژاوە بۆیان.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە و تاوەکو ئێستاش بە هەزاران فەرمانبەر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکە سوودمەندبوونە.
