ئاكام هاشم دەبێتە حەوتەمین یاریزانی كورد بەرامبەر كریستیانۆ یاری دەكات
ئەمشەو بۆیەکەمجار کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2 یاریی دەکات و رووبەڕووی ئاکام هاشم دەبێتەوە، یاریزانە كوردەكەی زەورا دەبێتە حەوتەمین یاریزانی كورد بەرامبەر ئەستێرە پۆرتوگالییەكە یاری دەكات.
ئەمشەو لە کۆمەڵەی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا2، نەسڕی سعوودی لە ریاز میوانداریی زەوڕا دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی کە پێشتر بەشداریی هیچ یەکێک لە پێنج یاریی یانەکەی لە پاڵەوانێتییەکە نەکردووە، بۆ یارییەکەی ئەمشەو بانگهێشتکراوە و بەشداریی دەکات، کە ئاکام هاشم بەرگریکاری کورد بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە و بە درێسی زەوڕا رووبەڕووی دۆن دەبێتەوە.
لەبەر ئەوەی خولی رۆشنی سعوودی بەهۆی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی سعوودیە لە جامی عەرەب وەستابوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نەسڕی سعوودی نزیکەی مانگێکە لە پشوودان و هیچ یارییەکیان نەکردووە، بۆیە خۆرخێ جیسوس راهێنەری نەسڕ بڕیاریداوە بۆ ئەم یارییە بانگهێشتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بۆ یاریی شەممە بەرامبەر ئەلخدوود لە خولی رۆشنی سعوودی ئامادە بێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هیچ پێکانێکی نییە و بە تەواوەتی بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە، کە لەم وەرزە بە تۆمارکردنی 10 گۆڵ لەدوای جواو فێلیکسی هاونیشتیمانی و هاویانەی لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی خولی سعوودی دێت.
ئاکام هاشم دوای هەڵگورد مەلامحەمەد، یوسف ئەمین، ئاسۆ رۆستەم، ئەحمەد زێڕۆ، عەلیرەزا بیروانڤەند و دەنیز ئونداڤ دەبێتە حەوتەمین یاریزانی کورد رووبەڕووی دۆن ببێتەوە.
