شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری هاووڵاتییانی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی فراوانی باران بارین، بەفربارین و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلە لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، ڕێکەوتی 2025/12/27 دەست پێدەکات و تاوەکو ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 2025/12/30 بەردەوام دەبێت، بڕی دابارین لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم بە لێزمە دەبێت و لە ناوچەکانی تریش بە شێوەی مامناوەند دەبێت.
کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 2025/12/29، پێشبینی بەفربارین لە سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی دەکرێت، هەروەها لە سەنتەری پارێزگای هەولێریش باران و بەفر بە تێکەڵاوی (تێکەڵە) دەبارێت، هاوکات پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، بەتایبەت لە سەنتەری شارەکان و ناوچە شاخاوییەکان.
بەپێی داتا تهکنیکییهکان، بڕی دابارین و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ناوچە جیاوازەکان بەم شێوەیەیە:
لە پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین بڕی باران دەبارێت کە زیاتر لە 45 ملم دەبێت و پلەی گەرما بۆ -2 دادەبەزێت، لە هەریەکە لە سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بڕی دابارین زیاتر لە 35 ملم دەبێت، کە پلەی گەرما لە سلێمانی دەگاتە -2 و لە ڕاپەڕینیش بۆ -5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
لە پارێزگای دهۆک بڕی دابارین زیاتر لە 30 ملم و پلەی گەرما -4 دەبێت، هەروەها لە هەردوو پارێزگای هەولێر و کەرکووک بڕی دابارین زیاتر لە 25 ملم دەبێت و نزمترین پلەی گەرماش 1 پلەی سیلیزی دەبێت، لە ئیدارەی سۆران بڕی دابارین 22 ملم و پلەی گەرما -4 دەبێت، لە کاتێکدا لە زاخۆ بڕی دابارین 20 ملم و پلەی گەرما -3 دەبێت، کەمترین بڕی دابارینیش لە ناوچەی گەرمیان دەبێت کە 14 ملم دەبێت و پلەی گەرما تێیدا 2 پلەی سیلیزی دەبێت.
ڕاگەیەندراوی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات، داوا لە هاووڵاتییان دەکات وریای گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، تێبینی ئەوەش کراوە کە پێشبینییەکان ئەگەری گۆڕانکارییان تێدایە و هێمای (+) لە بڕی دابارینەکاندا، بە واتای ئەوە دێت کە ئەگەری هەیە بڕی بارانەکە لەو ڕێژەیەی ئاماژەی پێکراوە زیاتر بێت.
