بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ: هەزاران کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤار لەناوچوون
بەڕێوبەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ئاشکرای دەکات، بەشێکی زۆری ئەو کتێبانەی لەناوچوون مێژوویەکی کۆنیان هەیە و لە بازاڕدا دەستناکەون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانەی چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی باران و لافاوەوە یەکێک لەو شوێنانەی زیانێکی زۆری بەرکەوت کتێبخانەی گشتییە، ئەمەش جاری سێیەمە بەهۆی لافاوەوە زیان بەر ئەم کتێبخانەیە دەکەوێت بەڵام هیج جاریک زیانەکان بەمشێوەیە نەبوون.
بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ گوتی: زیانەکان بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێنەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆری کتێبەکان لەناوچوون و بەشی زۆری ئەو کتێبانەی لەناوچوون لە بازاڕ دا دەستناکەون.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە چوار هەزار کتێب لەناوچوون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە حەوت هەزار گۆڤار و ڕۆژنامە بێ کەڵک بوونە و لەناو چوونە، هاوەکات تەواوی دۆسیە و کەلوپەلەکانی ناو کتێبخانە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
باسی لەوەش کرد، لیژنەیەکی تایبەت پێکهندراوە، بۆ خەملاندنی تەواوی زەرەر و زیانەکانی کتێبخانەی گشتیی.
کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ لە ساڵی 1976 دامەزراوە و خاوەنی هەزاران کتێب و ناونیشانی مێژوویە.
