بەفر ڕێگەی زینی وەرتێ و دەروازەی سنووری کێلێی داخست

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووتەوە، ڕێگەی زینی وەرتێ لە نێوان هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و سۆران و دەروازەی سنووری کێلێی لە سنووری قەڵادزێ داخراوە.

لەمبارەوە شۆڕش حەسەن بەڕێوبەری شارەدێی وەرتێ ئەمڕۆ شەممە 27ی کانوونی یەکەمی 2025، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین، بەفر ڕێگەی زینی وەرتێی داخستووە و کە هەردوو ئیدارەکە پێکەوە دەبەستێتەوە.

شۆڕش حەسەن ڕاشیگەیاند، ئێستا تیمەکانی ڕێگەوبان سەرقاڵی ڕاماڵێنی بەفر و پاککردنەوەی ڕێگەکەن بۆ ئەوەی هاتوچۆی نێوان سۆران و ڕاپەڕین و ڕێبوارانەی گوندەکانی دەڤەرەکە ئاسایی ببێتەوە.

هەر بەهۆی بەفربارینەوە لە سنووری شاری قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕێگەی سەرەکی چوون بۆ دەروازەی سنووری کێلێ داخراوە، کە باشووری و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

بەهۆی داخرانی ڕێگەی کێلێ ژمارەیەک هاووڵاتی و بارهەڵگر لە ڕێگەدا پەکیانکەوتووە و ئێستا تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر لە هەوڵی کردنەوەی ڕێگەکەدان.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەمڕۆ و سبەی بەفربارین بەردەوام دەبێت و لە هەندێک کاتدا دۆخەکە بۆ کڕێوە دەگۆڕێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل