پوتن: ئەگەر ئۆکرانیا ئاشتی نەوێت بەهێز ئامانجەکانمان بەدەست دەهێنین

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا نەیەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکات، مۆسکۆ لەڕێگەی هێز هەموو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت.

یەکشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، دوای لێدوانەکەی ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کە گوتبووی"مۆسکۆ خواستی درێژەدان بە شەڕی هەیە، لە کاتێکدا کیێڤ ئاشتی دەوێت"، ڕایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا ئامادە نەبێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکان چارەسەر بکات، بێگومان بە هێز ئامانجەکانمان بەدەست دەهێنین.

ئەم لێدوانەی ڤلادیمیر پوتن لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، زیلێنسکی لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە، ئەمەش وەکو هەوڵێکە بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕەی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەڵگیرساوە، هاوکات ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکرانیا.  

کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملین) پێشتر بڵاویکردبووەوە، هێزەکانی ڕووسیا شارۆچکەکانی میرنۆهراد، ڕۆدینسکی و ئارتمیڤکایان لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا، هەروەها شارۆچکەکانی هولایپول و ستێپنۆهێرسکیان لە ناوچەی زاپۆریژیا کۆنتڕۆڵ کردووە،لە بەرانبەردا سوپای ئۆکرانیا، ڕایگەیاندبوو، بەرپەرچی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ پێشڕەوی لە دەوروبەری میرنۆهراد و هولایپولیان داوەتەوە. 

شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، بەر لە چوونی بۆ  ئەمەریکا لە بارەی پلانی ئاشتی ئۆکرانیا، ڕایگەیاندبوو، دوایین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ دەریدەخات کە ڕووسیا نایەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا جەختیکردبووەوە، ڕووسەکان هەوڵدەدەن هەموو دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئازاری زیاتر بە ئۆکرانیا بگەیێنن و فشارەکانیان لەسەر وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان زیاد بکەن".

زیلێنسکی ئاماژەی بەوەکردبوو، ڕووسیا لە شەوێکدا بە نزیکەی 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 40 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و کەرتی وزە و ژێرخانی مەدەنی کردووەتە ئامانج.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئۆکرانیا  و زیلێنسکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "پۆلەتیکۆ" سەۆکی ئەمەریکا گوتبووی: " سەرۆکی ئۆکرانیا هیچی نییە بۆ ئەوەی من پەسەندی بکەم، بۆیە دەبینن چی دەبێت".

ترەمپ جەختی کردبووەوە، کە خۆی "بڕیاردەری کۆتاییە" لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، و ئاماژەی بەوەش کرد بوو،هەر دەستپێشخەرییەک بەبێ ڕەزامەندی ئەو "بێ بەهایە".

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل