شێروان دووبەردانی: حزبی تەقەدووم هانی لایهنهكان دهدات دەنگ به كاندیدی پارتی نهدهن
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشداری لە بوونی لۆبییەکی سیاسی و ناپاکی دەدات کە ئامانج لێی پەکخستنی کاندیدی پارتییە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی پارتی لە مافە دەستوورییەکانی دەستیپێکردووە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم، جووڵەیەکی بەرفراوانی لە ناو پەرلەمان دەستپێکردووە و هانی لایەنە جیاوازەکان دەدات بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەدەن.
دووبەردانی جەختی کردەوە کە پارتی وەک حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق، هەڵوێستێکی ڕوون و بونیادنەرانەی لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکاندا هەیە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە جۆرێک لە ناپاکی سیاسی بەرانبەر پارتی لە ئارادایە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی نیگەرانییەکانی بۆ ناوخۆی ماڵی کوردیش گواستەوە و ڕایگەیاند: بۆیان ڕوون بووەتەوە بەشێک لە لایەنە کوردییەکان، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادە نین دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن.
دووبەردانی ئەم هەڵوێستەی بە دووبارەبوونەوەی ناپاکی وەسف کرد کە لە وێستگە جیاوازەکاندا بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام دراوە.
ئەم لێدوانانەی شێروان دووبەردانی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 29/12/2025 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆبووەتەوە، کێبڕکێی سەر پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکێکە لە تەوەرە هەرە گەرمەکانی گفتوگۆکان، چونکە پارتی وەک خاوەن زۆرترین کورسی کوردی لە بەغدا، ئەو پۆستە بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.
