شاخەوان عەبدوڵڵا: پاراستنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان بوو دژی هەرێمی کوردستان
شاخەوان عەبدوڵڵا، ڕایگەیاند: هۆکاری سەرەکی پێداگری پارتی لەسەر هێشتنەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، ڕێگریکردن بووە لەو دەیان پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان ئاراستە دەکران.
ناوبراو لە یەکەم لێدوانی پاش هەڵبژاردنی فەرهاد ئەتروشی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بوون بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، جەختی لەوە کردەوە کە پارتی وەک هێزی یەکەم چاوپۆشی لە شایستەکانی ناکات بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان زامن بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا و لەنێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پۆستە بۆ ئەوان تەنیا پلە نییە، بەڵکو سەنگەرێک بووە بۆ بەرگری و توانیویانە لەو ڕێگەیەوە ڕێگری لە زۆر هەوڵ بکەن کە ئامانجیان لێدان بووە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەرچوونی فەرهاد ئەتروشی لەم پۆستەدا، بەردەوامی دەبێت بۆ ئەو کارانەی کە پارتی لە ڕابردوودا بۆ خەڵکی کوردستان ئەنجامی داون.
سەبارەت بە پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە، یەکلاییبوونەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت، چونکە ئەو پۆستە هەر لە پشکی پارتی بووە و پارتیش بە پشتگیریکردن لە زیاتر لە 1,150,000 دەنگی دەنگدەرانی، مافی خۆیەتی پارێزگاری لەو شایستە یاسایی و سیاسییانە بکات کە لە بەغدا هەیەتی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرکردەیەی پارتی ڕەخنەی ناڕاستەوخۆی لە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی دیکە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، پارتی و خودی سەرۆک بارزانی هەمیشە دەستپێشخەر و بەخشندە بوون بۆ یەکڕیزی نێوان لایەنەکان، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، پارتی زۆرجار لە ماف و شایستەکانی خۆی خۆش بووە تەنیا بۆ ئەوەی ناوماڵی کورد یەک بێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە وەڵامی ئەو داواکارییانەیان نەداوەتەوە و هیوای خواست لە داهاتوودا هەموو لایەنەکان لە بەغدا یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی کورد بە بەهێزی بمێنێتەوە.
ئەم لێدوانانەی شاخەوان عەبدوڵڵا دوای ئەوە دێن کە لە گەڕی سێیەمی دەنگداندا، پەرلەمانی عێراق فەرهاد ئەتروشی وەک جێگری 2دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد، پێشتر بەهۆی ململانێی سیاسی و ئاستەنگی یاسایی، پارتی بڕیاری دا کاندیدەکەی بگۆڕێت، ئەمەش دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان و لایەنە کوردستانییەکان هات کە دوو ڕۆژی خایاند.
