مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت: ئومێدەوارم پەرلەمانی عێراق وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بگێڕێت
سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە سێ پەیامی جیاوازدا گەرمترین پیرۆزبایی لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد.
لە پەیامی یەکەمی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیدا، کە ئاراستەی هەیبەت حەلبووسی کردووە، تێیدا هاتووە، هیوادارم ئەندامانی خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، لە ئاست چاوەڕوانیی و خواستی خەڵکی عێراقدا بن و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و بتوانن پڕۆژەیاسای پێویست و گرنگ لە بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکان پەسەند بکەن.
هاوکات ئومێدەوارە، پەرلەمانی عێراق وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بگێڕێت.
مەسرور بارزانی لە پەیامێکی دیکەدا گەرمترین پیرۆزبایی لە عەدنان فەیحان، جێگری نوێی یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی لەم بەرپرسیاریەتییە گرنگە بۆ خواست.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئومێدی ئەوەی خواست، دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی عێراق بە گشتی، ڕۆڵی گرنگیی خۆیان لە بواری یاسادانان و دەرکردنی پڕۆژەیاساکان لە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدا لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیدا ببینن.
لە کۆتا پەیامدا، مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی، جێگری نوێی دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هیوای سەرکەوتنیشی لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ خواست.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیوای ئەوەشی خواست، کە فەرهاد ئەترووشی بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، بتوانن خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بکەن و، لە هەمانکاتدا داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانیش بکەن.
هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی کۆبووەوە.
لە دەستپێكدا بە تەمەنترین ئەندامی ئەم خولەی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد.
هاوکات هەیبەت حەلبووسی، کە لە لایەن ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کاندید کرابوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان توانی پۆستەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات و بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
دواتر لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی هەر دوو جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەستی پێکرد، عەدنان فەیحان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەڵام هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆک، کە کێبڕکێکە لە نێوان شاخەوان عەبدوڵڵا و ڕێبوار کەریم بوو، بە دوو گەڕی دەنگدان یەکلایی نەبووەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ کامیان نەیانتوانی دەنگی (50+1) ئەندامان بە دەست بهێنن، بۆیە دەنگدان چووە گەڕی سێیەم، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی دواتر بە کراوەیی هەڵگیرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان فەرهاد ئەترووشی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کرد.
هەر لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، فەرهاد ئەترووشی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، توانی کێبڕکێکە لە ڕێبوار کەریم بەرێتەوە و وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە.
دەنگدانەکە بەو شێوەیە بوو:
فەرهاد ئەترووشی: 178 دەنگ.
ڕێبوار کەریم: 104 دەنگ.
