مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق کرد و هیوای خواست پەرلەمانەکە وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بگێڕێت.
سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە پەیامەکەدا هاتووە، هیوادارم ئەندامانی خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، لە ئاست چاوەڕوانیی و خواستی خەڵکی عێراقدا بن و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و بتوانن پڕۆژەیاسای پێویست و گرنگ لە بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکاندا پەسەند بکەن.
هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئومێدەوارین پەرلەمانی عێراق وەک دەزگایەکی گرنگیی یاسادانان، ڕۆڵی کارای خۆی لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بگێڕێت.
دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی کاندیدی حزبی تەقەدووم بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
دەنگدانەکە بەو شێوەیە بوو:
هەیبەت حەلبووسی: 208 دەنگ.
سالم عیساوی: 66 دەنگ.
عامر عەبدولجەبار: 9 دەنگ.
هەیبەت حەلبووسی لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە بووە.
