هەسەدە وەڵامی هێرشی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریای دایەوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند؛ لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریا بۆ سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین، هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامداوە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان لێ کەوتووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کەبڵاوکرایەوە، هەسەدە ڕایگەیاند: "گرووپەکانی سوڵتان موراد، سوڵتان سلێمان شا- ئەمشات و فیرقەی حەمزات کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی سووریان، بە دوو درۆنی خۆکوژ ناوچەکانی نیشتەجێبوونی دەوروبەری بەنداوی تشرینیان کردە ئامانج." هەسەدە ئەم هەنگاوەی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە وەسف کرد.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، ئەو گرووپە چەکدارانە جارێکی دیکە بە دوو درۆنی خۆکوژی دیکە "گردی سیریاتێل"یان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج، بەڵام بەگوێرەی بەیاننامەکە هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هەسەدەدا نەبووە.
لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنێکی "بەرگریی ڕەوا"یان دژ بە شوێنی هەڵدانی درۆنەکان ئەنجامدا. لە ئەنجامدا، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی جۆری تۆیۆتا و پێگەیەکی سەربازی ئەو گروپانە کرانە ئامانج، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پەرەسەندنی سەربازی بەخۆوە دەبینێت؛ لە 22ـی کانوونی یەکەمدا، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ببوونە گۆڕەپانی پێکدادانی قورس لەنێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانە حەلەب، 4 کەس کوژراون و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش مەترسیی فراوانتربوونی پێکدادانەکان لە باکووری سووریا زیاتر دەکات.
