گەشتێک بەناو کولتوورە جیاوازەکاندا لە شەوی سەری ساڵدا

کاتێک میلەکانی کاتژمێر لە دوا چرکەکانی مانگی کانوونی یەکەمدا (12) لەسەر ژمارە 12 دەوەستن، جیهان تەنیا ماڵئاوایی لە ساڵێک ناکات، بەڵکو دەرگایەک بە ڕووی هەزاران دابونەریتی جیاوازدا دەکاتەوە. لەم ساتە جادووییەدا، لە نێوان هیوا بۆ بەختێکی باش و ترس لە داهاتوو، گەلان پەنا دەبەنە بەر کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی سەیر کە تێکەڵەیەکین لە ئەفسانە، ئایین و خۆشی.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەوی 31ـی کانوونی یەکەم و ژماردنی دوا چرکەساتەکانی ساڵ، چاوەکانی جیهان بەرەو ئاسۆی ساڵێکی نوێ دەڕوانن. لەم وێستگە زەمەنییەدا، شێوازی دەربڕینی خۆشی و پێشوازیکردن لە داهاتوو لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەگەرچی زۆرێک لە گەلانی جیهان تەنیا بە نمایشە ئاگرینەکان و ئاهەنگە مۆدێرنەکانەوە دەوەستن، بەڵام لە بەشێکی دیکەی جیهاندا، ئەم بۆنەیە دەبێتە شانۆی نمایشکردنی کۆمەڵێک دابونەریتی کەلەپووری و باوەڕی میللی، کە ڕەنگە بۆ چاودێرانی دەرەوە مایەی تێڕامان و تەنانەت سەرسوڕمانیش بن.

 

نامۆترین ئەو نەریتانەی کە گەلان بۆ بانگهێشتکردنی بەخت و خۆشگوزەرانی لە ساڵی نوێدا پەیڕەوی دەکەن

 

ئیسپانیا؛ 12 چرکە و 12 دەنک ترێ

لە دیمەنێکی نەریتی و سەرنجڕاکێشدا، گۆڕەپانە گشتییەکانی ئیسپانیا لە نیوەشەودا دەبنە شوێنی کۆبوونەوەی جەماوەری، ئیسپانییەکان باوەڕیان وایە خواردنی 12 دەنک ترێ هاوتەریب لەگەڵ 12 لێدانی زەنگی کاتژمێری گەورەی شار، کلیلی بەختە بۆ 12 مانگی داهاتوو. ئەم نەریتە کە ڕەگێکی مێژوویی هەیە، تەنیا خواردن نییە، بەڵکو "ئالنگارییەکی کاتییە" بۆ تاقیکردنەوەی خێرایی و وردبینی لە ساتەوەختی پەڕینەوە بۆ ساڵی نوێ.

 

دانیمارک؛ شکاندنی قاپ و دەفر بۆ هێنانی بەخت

لەک اتێکدا لە زۆربەی کولتوورەکاندا شکاندنی کەلوپەل نیشانەی تووڕەیی یان زیانە، لە دانیمارک هاوکێشەکە پێچەوانەیە، لێرەدا، خۆشەویستی و دۆستایەتی بە بڕی ئەو قاپ و دەفرە شکاوانە دەپێورێت کە لە بەردەم دەرگای ماڵەکاندا کۆدەبنەوە، دانیمارکییەکان بە مەبەست قاپە کۆنەکان دەگرنە دەرگای ماڵی ئازیزانیان؛ هەبوونی کەڵەکەیەکی گەورەتر لە پارچەی شکاو، ئاماژەیە بۆ هەبوونی بازنەیەکی فراوانتر لە دۆست، خۆشەویست و هیواخواستن بۆ ساڵێکی پڕ بەخت.

 

سکۆتلەندا؛ یەکەم سەردانیکەر بەختی ساڵ دیاریی دەکات

لە چوارچێوەی ئاهەنگە بەناوبانگەکانی "هۆگمانی" (Hogmanay)، سکۆتلەندییەکان گرنگییەکی تایبەت بە چەمکی "یەکەم پێ" (First Footing) دەدەن. بەپێی باوەڕی ئەوان، یەکەم کەس کە دوای نیوەشەو ڕەچکەی دەرگای ماڵ دەشکێنێت، هەڵگری پەیامی بەخت یان شوومییە بۆ تەواوی ساڵەکە. باوەڕە باوەکە وایە کە هاتنی پیاوێک بە دیارییەکەوە (وەک نان یان خەڵووز) سیمبووڵی هاتنی بەرەکەت و گەرمییە بۆ ناو خێزانەکە.

 

ژاپۆن؛ 108 لێدانی زەنگ بۆ پاکبوونەوە لە گوناح

لە ژاپۆن، پێشوازی لە ساڵی نوێ زیاتر ڕەهەندێکی ڕۆحی و ئایینی وەردەگرێت، پەرستگە بوودییەکان لە کۆتا ساتەکانی ساڵدا 108 جار زەنگ لێ دەدەن. ئەم ژمارەیە لە فەلسەفەی بوودیزمدا ئاماژەیە بۆ 108 جۆر لە "ئارەزووی دونیایی" یان "هەڵەی مرۆڤ". ئامانج لەم ڕێوڕەسمە، پاککردنەوەی ناخی مرۆڤ و دەستپێکردنی ساڵێکی نوێیە بە ڕۆحێکی پاک و ئاشتییەکی دەروونییەوە.

 

چیلی; بەسەربردنی شەوی سەری ساڵ لەگەڵ مردووەکان

لەکاتێکدا جیهان بە مۆسیقا و ڕۆشنایی ئاهەنگ دەگێڕێت، بەشێک لە دانیشتووانی چیلی ڕوو لە گۆڕستانەکان دەکەن، ئەم نەریتە کە ڕەنگە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بە نامۆ سەیر بکرێت، لای ئەوان گوزارشتە لە لوتکەی وەفا و پەیوەندیی خێزانی، ئەوان پێیان وایە بۆنە پیرۆزەکان دەبێت لەگەڵ هەموو ئەندامانی خێزاندا بەش بکرێن، تەنانەت ئەگەر ئەندامەکە لە ژیانیشدا نەمابێت، بۆیە شەوی سەری ساڵ لە تەنیشت گۆڕی ئازیزانیان بەڕێ دەکەن.

 

بەڕازیل; سپیپۆشین و ڕێزگرتن لە دەریا

لە بەڕازیل، شەوی سەری ساڵ تێکەڵەیەکە لە ڕەنگ و سروشت، ملیۆنان کەس پۆشاکی سپی دەپۆشن وەک هێمایەک بۆ داواکردنی ئاشتی و ئارامی، پاشان ڕوو لە کەناراوەکان دەکەن بۆ پێشکەشکردنی گوڵ بە دەریا و ئەنجامدانی نەریتی "بازدان بەسەر حەوت شەپۆلدا". هەر بازدانێک بە مانای خواستنی ئاواتێک دێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی قووڵی ئەو گەلەیە بە دەریا و سرووشتەوە.

 

کۆڵۆمبیا; جانتای سەفەر لەپێناو ساڵێکی پڕ لە گەشتوگوزار

بۆ ئەوانەی خولیای گەشتکردنیان هەیە، کۆڵۆمبیا خاوەنی جوانترین نەریتە. لە نیوەشەودا، خەڵکانێک دەبینرێن کە جانتای سەفەری بەتاڵیان بە دەستەوەیە و بە دەوری ماڵەکانیان یان شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە. ئەم کردارە سیمبووڵییە گوزارشتە لە هیوا و ئاواتی ئەوەی کە ساڵی داهاتوو پڕ بێت لە جووڵە، گەشتوگوزار و دۆزینەوەی جیهانی نوێ.


هەرچەندە شێوازەکان جیاوازن و هەندێکیان تێکەڵ بە ئەفسانەن، بەڵام هەموویان لە یەک خاڵدا یەکدەگرنەوە: هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتر و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی بەخت و خۆشی بۆ ژیانی مرۆڤ لە ساڵی نوێدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل