ڕۆژنامەی لو نۆڤێلیست: لە تەقینەوەکەی سویسرا 40 کەس گیانیان لەدەستداوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی نەناسراو نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی 'لو نۆڤێلیست'یان ڕاگەیاندووە؛ ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی سویسرا نزیکەی 40 کەسە و ژمارەی بریندارانیش گەیشتوونەتە 100 کەس.
هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆلیس ئاماژەیان بەوە کردووە؛ هێشتا لێکۆڵینەوە لە ئامارە وردەکان بەردەوامە و هیچ ژمارەیەکی فەرمییان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاووڵاتینای سویسرا، خەریکی ئاهەنگگێڕانی سەری ساڵ بوون، تەقینەوەیەکی بەهێز لە باڕێکی شارۆچکەی گەشتیاریی "کرانس مۆنتانا" لە چیاکانی ئەڵپی سویسرا ڕوویدا و بەهۆیەوە چەندین کەس بوونە قوربانی.
تەقینەوەکە کاتژمێر 1:30ـی شەو بە کاتی ناوخۆ، لە باڕی ناسراوی "لو کۆنستێلاسیۆن" (Le Constellation) ڕوویداوە. ئەم شوێنە بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە زۆر جەنجاڵ بووە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی قوربانییەکان زیاد بکات.
گایتان لاتیۆن، گوتەبێژی پۆلیسی کانتۆنی ڤالێس لە باشووری ڕۆژئاوای سویسرا، بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند: "تەقینەوەیەک ڕوویداوە تا ئێستا هۆکارەکەی نادیارە." جەختی کردەوە چەندین کوژراو و بریندار هەن، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی وردی قوربانییەکان نەکرد، چونکە ئۆپراسیۆنەکانی ڕزگارکردن هێشتا بەردەوامن.
شارۆچکەی "کرانس مۆنتانا" یەکێکە لە ناودارترین هاوینەهەوارەکانی خلیسکانێی سەر بەفر لە جیهاندا و ساڵانە لە وەرزی زستاندا هەزاران گەشتیاری بیانی ڕووی تێدەکەن.
