ڕۆژنامەی هێڵ: ئەمەریکا هەمان سیناریۆی عێراق لە ڤەنزوێلا دووبارە دەکاتەوە

وێنەی ئەرشیفی دۆناڵد ترەمپ و هاوتا ڤەنزوێلایەکەی
وێنەی ئەرشیفی دۆناڵد ترەمپ و هاوتا ڤەنزوێلایەکەی

ڕۆژنامەی"Hill"ـی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕەخنەی لە سەرکردەکانی ئەمەریکا دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات واشنتن "هیچ وانەیەکی لە شەڕی عێراق وەرنەگرتووە".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکا تا ئێستاش پەنا بۆ هەمان ئەو تاکتیکانە دەبەن کە پێشتر لە عێراق شکستی هێنا، ئەویش بریتییە لە: زیادەڕەوی، بڵاوکردنەوەی ترس و هەڵبەستنی هەڕەشەی وجودی بۆ پاساودانی دەستێوەردانە سەربازییەکانیان.

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا بەرامبەر بە ڤەنزوێلا. دەستێوەردانی سەربازیی واشنتن دژی کەشتییە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا کە بە "نمایشێکی خامی هێز" وەسف کراوە. ئەم ڕەفتارانە ئەوە دەسەلمێنن کاتێک واشنتن ئارەزووی جەنگ دەکات، چۆن بە ئاسانی بەرژەوەندیی نەوت، ئاسایش و پاساوە ئەخلاقییەکان تێکەڵ دەکات بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی.

ڕاپۆرتەکە بەراوردکارییەکی ورد لە نێوان ئیدارەی جۆرج بوش و ئیدارەی ترەمپ دەکات. وەک چۆن بوش "چەکی کۆمەڵکوژ"ی وەک پاساو بۆ داگیرکردنی عێراق لە 2003 بەکارهێنا، ئێستاش ئیدارەی ئەمەریکا ماددەی "فێنتانیڵ" وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ دەناسێنێت بۆ ڕەوایەتیدان بە فشارەکانی سەر ڤەنزوێلا. هەروەها، تۆمەتبارکردنی نیکۆلاس مادورۆ بە هاوکاریی "تیرۆریستانی ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆوە، تەواو هاوشێوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی بوش بوو سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان سەدام حوسێن و ڕێکخراوی قاعیدە.

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە وەبیری ئەمەریکا دەهێنێتەوە کە تێچووی جەنگی عێراق کارەساتبار بوو؛ زیاتر لە 4400 سەربازی ئەمەریکی و سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی عێراقی گیانیان لەدەستدا. گەورەترین هەڵەی ستراتیژی لە عێراق، هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنیی بوو کە ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی میلیشیا توندڕەوەکان، قاعیدە و دواتر داعش خۆش کرد.

"Hill" هۆشداریی دەدات کە دووبارەکردنەوەی ئەم سیناریۆیە لە ڤەنزوێلا مەترسیدارترە. بەهۆی مێژووی دوور و درێژی یاخیبوون لە ئەمەریکای لاتین (وەک فارک و زاپاتیستەکان)، هەر داڕمانێکی دەوڵەت لە ڤەنزوێلا دەبێتە هۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان و میلیشیا چەکدارەکان ببنە بەشێک لە تۆڕە تاوانکاری و تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە سەرکردەکانی ئەمەریکا نەک هەر فێری وانەکانی عێراق نەبوون، بەڵکو فێربوون چۆن "ترس و دڵەڕاوکێ" وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ دەستکەوتی سیاسیی کورتخایەن بەکاربهێنن. ئەم "لۆژیکە کینییە" نیشانەی ئەوەیە واشنتن یان ناتوانێت یان نایەوێت کۆنتڕۆڵی پاڵنەرە شەڕانگێزییەکانی بکات، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سەقامگیریی جیهان و ژیانی مرۆڤەکان دروست دەکات. 

ئەمڕۆ شەممە، 03 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاد، فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی کاراکاس، پایتەختی ڤەنزوێلادا دەفڕن و دەنگی تەقینەوە دەبیسترێت و دووکەڵ لە چەند شوینێکی شارەکەوە بەرز دەبێتەوە.

هەروەها، تەزووی کارەبا لە چەند گەڕەکێکی شارەکە پچڕاوە. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمیی لە لایەن حکوومەتی ڤەنزوێلا لەم بارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، چەندان جار هەڕەشەی  هێرشی زەمینی بۆ سەر ڤەنزویلا کردبوو بۆ فشارخستنە سەر نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزویلا بۆ ئەوەی واز لە دەسەڵات بهێنێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل