سوپای ئیسرائیل: ئێران جبەخانە مووشەکییەکەی ئاوەدان دەکاتەوە

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد؛ ئێوارەی هەینی سوپای ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و باڵای لە یەکەیەکی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی، لیوا ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی سوپا و شلۆمی بێندەر سەرۆکی هەواڵگری سەربازی ئامادە بوون. 

تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی هەڕەشە نوێیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، تاران دوای هێرشەکانی ئەمدواییەی تەلئەڤیڤ بۆ سەری، بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو خەریکی نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی جبەخانەی مووشەکە بالیستیکەکانییەتی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئێران ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەی سەکۆی نوێی هەڵدانی مووشەکدایە بۆ ئەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکانی بۆ هەر جەنگێکی ئەگەری بسەلمێنێت.

سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە، تاران ڕەنگە پەنا بۆ هێرشی مووشەکی یان درۆن ببات، نەک بە مەبەستی سەرکەوتنی سەربازی، بەڵکو بۆ لادانی سەرنجی جیهان و ناوخۆ لەو قەیرانە ئابووریی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییە گەورانەی کە ئێستا ئێرانی گرتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دەیڤید بارنیا سەرۆکی مۆساد، جەختی کردەوە؛ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێشتا مەترسییەکی بەردەوامە و ئیسرائیل ڕێگە نادات ئەو پڕۆژەیە بگاتە ئەنجام. هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لە نزیکبوونەوەی تورکیا و ئێران، بەتایبەت سەبارەت بە دۆخی سووریا و گرتنەبەری هەڵوێستێکی توندتر لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل.

لە بەرامبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی کردووە؛ لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی ئەمەریکا، تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی ڕەوای تاران.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە؛ ئەوان هاوسۆزی گەلی ئێرانن و پێیان وایە هەر گۆڕانکارییەک لەو وڵاتەدا تەنیا لە "ناوخۆوە" دەبێت، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ پشتگیریکردنی ناڕەزایەتییە میللییەکان دژی دەسەڵاتی تاران.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ململانێی نێوان هەردوو وڵات مێژوویەکی درێژی هەیە؛ لەوانە ئۆپەراسیۆنە گەورەکەی ساڵی 2015 ئیسرائیل تێیدا دامەزراوە ئەتۆمییەکان، فیزیازانانی ئەتۆمی و سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە سارد و گەرمە لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

هاوکات ئەمە لە کاتێکدایە بەهای تمەنی ئێرانی (ڕیاڵ) دابەزینێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینیوە و لە 50 هەزارەوە گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 400 هەزار بۆ هەر دۆلارێک، ئەوەش بووەتە هۆی گۆڕانکاریی بەپەلە لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل