پایتەختی ڤەنزوێلا بۆمباران کرا
فڕۆکەی جەنگی بۆمبارانی کاراکاس، پایتەختی ڤەنزوێلا دەکەن و دەنگی تەقینەوە دەبیسترێ و دووکەڵ لە چەند شوینێکی شارەکەوە بەرز دەبێتەوە.
شەممە، 03 کانوونی دووەم، 2026، ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند، فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی کاراکاس، پایتەختی ڤەنزوێلادا دەفڕن و دەنگی تەقینەوە دەبیسترێت و دووکەڵ لە چەند شوینێکی شارەکەوە بەرز دەبێتەوە.
هەروا، تەزووی کارەبا لە چەند گەڕەکێکی شارەکە پچڕاوە. بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمیی لە لایەن حکوومەتی ڤەنزوێلا لەم بارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، چەندان جار هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڤەنزویلا کردبوو بۆ فشارخستنە سەر نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزویلا بۆ ئەوەی واز لە دەسەڵات بهێنێت.
پێگەی سی ئێن ئێن، ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەممە، کاتژمێر 01:50 دەنگی تەقینەوەی گەورە لە کاراکاس بیستراوە و دووکەڵ لە فڕۆکەخانەی 'لا کارلۆتا' بەرز بووەتەوە؛ هەروا دەنگی تەقینەوە لە ویلایەتی 'لا غوایرا' لە باکووری کاراکاس و شاری کەناراویی 'هیغیروتی' لە ویلایەتی میراندا بیستراوە.
