دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی عێراق دواخرا

وێنەی یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
وێنەی یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق

دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی عێراق بۆ 7ی ئەم مانگە دواخرا.

ئەمڕۆ شەممە، 03ـی کانوونی دووەمی 2025، فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2026 دواخراوە.

پێشتر بڕیار بوو دانیشتنەکە ڕۆژی دووشەممە 5ی مانگ ئەنجام بدرێت. ئەو وادەیە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.

بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ. 

ئەم پۆستە کە بەپێی نەریتی سیاسی، پشکی کوردە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و پارێزگاری لە دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک خولی دیکە نوێ دەکرێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل