کەجەکە: ئازادکردنی ئۆجەلان مەرجە بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی و سیاسی نەهاوێژێت، قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی دەوەستێت.
مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە)، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە چەندان هەنگاوی گرنگی بۆ پڕۆسەی ئاشتی ناوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی داوە و شەڕی چەکداریی وەستاندووە، هەروەها هێزەکانی لە باکووری کوردستان و ناوچە مەترسیدارەکان بۆ دروستبوونی ئاڵۆزی کشاندووەتەوە.
قەرەسو جەخت دەکاتەوە، ئێستا کاتییەتی تورکیا زەمینەی یاسایی و سیاسی بۆ هەنگاوەکانی پەکەکە بهاوێژێت. دەشڵێت: ئەگەر بۆ ئەندام و کاردیرانی پەکەکە یاسای پێویست دەرنەکرێت و زەمینەی دیموکراسی نەڕەخسێندرێت، پڕۆسەکە دەوەستێت و دەربازیی قۆناغی دووەم نابێت.
ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە ڕاشیگەیاند: بۆ قۆناغی دووەم دەبێت بەبێ مەرج ئۆجەلان ئازاد بکرێت.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای بانگەوازە مێژووییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە 27ی شوباتی 2025 بۆ چەکدانان. لە وەڵامدا، پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند و دواتر لە مانگی تەمموزی 2025 لە ڕێوڕەسمێکی هێماداردا دەستی بە چەکدانان کرد.
حکوومەتی تورکیا چەند هەنگاوێکی ناوە، لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان لە 5ی ئابی 2025 بە ناوی "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ دانانی چوارچێوەی یاساییی پرۆسەکە. هەروەها، حکوومەت کار لەسەر داڕشتنی یاسایەک دەکات ناسراو بە "یاسای دەرفەت" بۆ ڕێکخستنی گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە توندوتیژییان ئەنجام نەداوە و چارەسەرکردنی دۆخی زیندانیانی سیاسی.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، ئاڵنگاریی گەورە ماون و کەجەکە هۆشداری داوە پرۆسەکە یەکلایەنە بەڕێوە ناچێت. چارەنووسی ئۆجەلان و داوای ئازادکردنی، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان. هاوکات، دۆخی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا و ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، ڕەهەندێکی هەرێمیی بە پرۆسەکە بەخشیوە.
