گەنجێکی هەڵەبجە ئەپڵیکەیشنێکی گەشتیاری دروست دەکات
ناری کەریم، ماوەی نزیک بە 15 ساڵە لە بواری تەکنەلۆجیادا کار دەکات و دەڵێت؛ بۆ دوو ساڵ دەچێت بیرم لەوە کردووەتەوە کە بۆشاییەک لە پارێزگای هەڵەبجە هەیە، گەشتیاران دەهاتنە ئێرە وەک پێویست نەیاندەتوانی ئەو شوێنانە بدۆزنەوە کە پێویستە لە کاتی گەشتکردنیاندا هەبێت، بۆیە بیرم لەوە کردەوە؛ پێویستە ئەمە لەناو ئەپڵیکەیشنێکدا یان لەناو پۆرتاڵێکدا پێشکەش بە گەشتیاران بکرێت.
ناری کەریم، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ ئەپەکەمان ناوی (کۆتریپ)ـە، لە هەردوو کۆگای ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەی بەردەستە. کۆتریپ واتای کوردستان تریپە. لەگەڵ کردنەوە و داگرتنی ئەپەکە، بەم شێوەیە ڕووکارەکەت بۆ دەکرێتەوە. بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە گەشتیار دەکات. تۆی گەشتیار ئەگەر عەرەب، ئینگلیز یان کورد بیت، هەر زمانێکت هەڵبژارد، هەموو ئەو شوێنانەی لەناو پارێزگای هەڵەبجەدا هەن وەک کافێ، مۆتێل، هۆتێل، ڕێستۆرانت، خانەباخ و هاوینەهەوار؛ ڕاستەوخۆ ئەپەکەمان پێشکەشت دەکات.
دەشڵێت: ئێمە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەین کە لەناو ئەپەکەدا هەن، ڕیکلامیان بۆ دەکەین تاکو گەشتیار ڕاستەوخۆ سەردانیان بکات، چونکە ئەو خواردن و ئەو تایبەتمەندییانەی لە گەشتکردنی هەڵەبجەدا هەیە، جیاوازە لە چاو شارەکانی دیکە.
هەروا دەشڵێت: ئێمە هەوڵمان داوە لەناو فێستیڤاڵە جیاوازەکاندا شوێندەستی خۆمان هەبێت، بۆ نموونە فێستیڤاڵی هەنار، ئێمە نەخشەی هاتن و ڕۆشتنمان بۆ گەشتیاران ئامادە کردبوو، هەر گەشتیارێک لە ڕێگەی ئەپەکەی ئێمەوە داخڵی فێستیڤاڵی هەنار ببوایە، ئاسانتر ڕێگەی دەدۆزییەوە. ئێمە بە شانازییەوە هەوڵی بەگەشتیاریکردنی تەواوی پارێزگای هەڵەبجە دەدەین. دەمانەوێت ئەو گەشتیارانەی کە ئاشنا نەبوون بە پارێزگای هەڵەبجە، لە ڕێگەی ئەپەکەی ئێمەوە بە سێ زمان ئاشنا بن.
