نزیکەی هەزار قوتابی چەمچەماڵ لە خوێندن بێ بەشن

قایمقامی چەمچەماڵ، ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی فەرمی دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێکردووە، بەڵام لە چەند قوتابخانەیەک بەهۆکاری نۆژەنکردنەوەیان قوتابییان ناتوانن بخوێنن. 

یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاسۆ بەکر قایمقامی چەمچەماڵ، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی،"بە شێوەیەکی گشتی دەوامی قوتابخانەکان لە چەمچەماڵ دەستی پێکردووە، مامۆستایان و قوتابییان بە شێوەیەکی ئاسایی دەوامی فەرمی خۆیان دەکەن و پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هۆی لافاوەکەی مانگی ڕابردوو، شەش قوتابخانە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە، ئێستا کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆیە پرۆسەی خوێندن لەو شەش قوتابخانەیە بە شێوەیەکی فەرمی ڕاوەستاوە. 

قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی،"لەو شەش قوتابخانەیەی کە نۆژەن دەکرێنەوە، 950 قوتابی دەوام دەکەن و دەخوێنن، بەڵام ئێستا دەوام ناکەن و لە خوێندن دابڕاون. 

ڕۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی حکوومەت گەیاند، هەروەها لە گەرمیان و چەمچەماڵ بووە هۆی لە دەستدانی چەند کەسێک.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل