میدیا مەعرووفی: دەبێ بیرۆكە ئەشکەنجە بدرێت
نووسەر و وەرگێڕ و سینارست، میدیا مەعرووفی، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، باس لە شیعر و نووسینەکانی خۆی دەکات و تیشک دەخاتە سەر نووسینی باشترین سیناریۆ بۆ فیلم و دەڵێت: بە بڕوای من چەندە نووسینی یەكەم ڕەشنووسی سیناریۆ گرنگە، ئەوەندەش پێداچوونەوە و دووبارە نوسینەوە گرنگە، كەوایە هەرگیز نابێت پشت بە یەكەم ڕەشنووسی سیناریۆ ببەسترێت، چونکە بێ شك شكست دەهێنێت.
چۆن بتوانین باشترین سیناریۆ بۆ فیلمێک بنووسین؟
بۆ نووسینی سیناریۆیەكی باش پێش هەموو شتێك دەبێ خۆمان وەك نووسەری سیناریۆ یەكلابكەینەوە كە زۆر كەس لێرەیە كە شكست دێنێت، پێش نووسینی یەك دیالۆگ دەبێ نووسەر خۆی یەكلاكردبێتەوە كە ئەو فیلمە باس لەچی دەكات و دەیەوێت چی بڵێت و چی پەیامێكی پێیە و گفتووگۆیەکە لەسەر چییە، گەر ئەو شتانە ڕوون نەبن ئەوە بە دڵنیاییەوە فیلمەكە شكست دەهێنێت، هەروەها زۆربەی سیناریۆیەكان لە بیرۆكەیەكی نامۆ لەناو دەچن نەك لە تەكنیك، دەبێ بیرۆكە ئەشکەنجە بدرێت نەك خۆشمان بوێت و دڵمان نەیێت هیچی بەسەر بهێنین، بەبڕوای من وەك سیناریستێك، كارەكتەری سیناریۆ زۆر لە چیرۆكەكە گرنگترە، لەبەر ئەوەی چیڕۆك گەر كاەركتەرێكی بەهێزی نەبێت ئەوە خۆشی لاواز دەمێنێتەوە و دەبێ بزانین كارەكتەر چی دەوێت و لەچی دەترسێت و ڕێگرەكانی چین و كێن، سیناریۆ دەبێ پێكهاتە و فۆڕمێکی درووستی هەبێت، هەر دیمەنێك دەبێ خاوەن زانیاری بێت و كەسایەتی چیڕۆك بەرەو گۆڕانكاری ببات، دیالۆگ لە ناو فیلم بە دڵنیایی یەكێك لە بەشە گرینگەكانی یەك سیناریۆی باشە، كەوایە دەبێ كورت و وورد بێت، دیالۆگێكی باش ڕوونكردنەوە نادات و شتەكان ئاشكرا دەكات، كەوایە دەبێ بوون و نەبوونی یەك دیالۆگ جیاوازی هەبێت، بە بڕوای من چەندە نووسینی یەكەم ڕەشنووسی سیناریۆ گرنگە، ئەوەندەش پێداچوونەوە و دووبارە نوسینەوە گرنگە، كەوایە هەرگیز نابێت پشت بە یەكەم ڕەشنووسی سیناریۆ ببەسترێت، چونکە بێ شك شكست دەهێنێت.
سیناریۆت بۆ چەند فیلم نووسیوە؟
من چەندین سیناریۆی فیلمی درێژ و كوڕتم نووسیوە، وەك ڕۆژین، جەخماخ، سێرە، لێرە بای دێت، و چەندانی تر.
بەکێ دەگوترێت وەرگێڕی سەرکەوتوو؟
وەرگێڕی باش دەبێ شارەزایی تەواوی لەسەر هەر دوو زمان هەبێت، نابێت تەنیا شارەزایی لە سەر زمانی سەرچاوە هەبێت، بەڵكو دەبێ بیر لە زمانی ئامانجیش بكاتەوە، وەرگێڕانی وشە بە وشە هەڵەیە و مانای لاوازی دەگەیێنێت، وەرگێڕێكی باش لە مانا و زاراوە و مەبەست و ژێردەق تێدەگات و گەر پێویست بكات پێكهاتە دەشكێنێت.
بۆ وەرگێڕان ئەزموونی زۆر، یان خوێندنەوەی زۆر؟
بەدڵنیایی بۆ وەرگێڕان هەم ئەزموونی زۆر و هەم خوێندنەوەی زۆر لە پاڵ یەكتر وەرگێڕانێكی سەركەوتووتر بەدی دەهێنێت.
زانینی زمانێکی پوخت، مەرجە بۆ بوونە وەرگێڕێکی زۆر باش؟
زمانێكی پوخت گرنگترین كەرەستەیە بۆ بوون بە وەرگێڕێكی سەركەوتوو، وەرگێڕێكی باش فرە وشەسازی هەیە، نەك بۆ هەموو شتێك خۆی بە قامووسنامە و فەرهەنگ هەڵواسێت.
پەیامی شیعرەکانی تۆ چییە؟
من وەكو سیناریست بڕوام وایە سیناریۆ بناغەی فیلمە، بۆیە بەڕاستی بۆ سینەمای كوردی بوونی كتێبێك لەو بابەتە بۆ ئەو كەسانەی حەز بە نووسین دەكەن بە پێویست و ئەركی سەرشانی خۆم زانی کە وەرگێڕان بۆ كتێبی ١٠١ خاڵی نووسینی سیناریۆ بكەم كە لە كاتی خۆی زۆر یاڕمەتی منی داوە و بەو هیوایەم یارمەتی كەسانی تریش بدات. من وەكو شاعیریش گەر بمەوێ باسی شیعرەكانی خۆم بكەم تەنیا دەتوانم بڵێم شیعرەكانی من تەواو ژنانە و كۆمەڵایەتین. بە بڕوای من شیعری باش دەبێ خوێنەر بباتە جیهانێكی تر، شیعر دەبێ لە دەستپێكدا وێنە درووست بكات و پرسیار دروست بكات نەك وەڵام، كۆتایی شیعر دەبێ دەرگا ببەستێت نەك قفڵی بكات.
پڕۆژەی نوێت چی دەبێت؟
من وەك وەرگێڕ دوو كتێبم لە چاپن، كە هەردووكیان ڕۆمانن، بۆ داهاتووش هەر لەسەر بابەتی سیناریۆ پلانم هەیە كتێبێكی تر ئامادە بكەم.
نووسەر و وەرگێڕ و سیناریست، میدیا مەعرووفی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی چەندین کتێبی وەرگێڕانە لەبواری سیناریۆی فیلم و بەردەوام ڕێنمایی لەسەر درووستکردنی باشترین سیناریۆ بڵاودەکاتەوە، هەروەها خاوەنی چەندین شیعری ئەدەبییە.
