ئەنبار.. هەفتەیەکە کارەبای نیشتمانی نەدراوە بە هاووڵاتییان
بەهۆکاری هاوردەنەکردنی گاز لە ئێرانەوە ماوەی هەفتەیەکە لە پارێزگای ئەنبار کارەبای نیشتمانی بڕاوە، دانیشتووانی پارێزگاکە نیگەرانن لەو دۆخەی دروست بووە، چونکە ناچارن پشت مۆلیدە ئەهلییەکان ببەستن بۆ دابینکردنی کارەبا، ئەمەش وایکردووە نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بگات بە 30 هەزار دینار.
دانیشتووانی ئەنبار لەم دۆخە نیگەرانن و دەڵێن،" ئێمە لەسەر ڕووبارێک نەوت و گازین بەڵام بەهۆکاری هاوردەنەکردنی گاز لە ئێرانەوە حکوومەت کارەبای لێمان بڕیووە و بارودۆخمان لەوپەڕی خراپیدایە.
ئەبو مستەفا، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئەنبار بە کوردستان24ـی گوت،"بەدەست قەیرانی کارەباوە گیرمانخواردووە، ئێستا تەنیا بە ناو دەزانین کارەبا چییە، خاوەن مۆلیدەکانیش نرخیان بەرز کردووەتەوە، نرخی هەر ئەمپێرێك 30 هەزار دینارە، دۆخی داراییمان خراپە و ئەو پارەیە لەکوێ بهێنین؟ حکوومەت لەکوێیە؟ کوا کارەبا؟ کوا گاز؟ ئێمە وڵاتێکی خاوەن نەوتین بۆچی دەبێت ئاوامان بەسەر بێت".
ئەبو ئەرکان لە بارەی بێ کارەبایی ئەنبارەوە دەڵێت، "ئێمە وڵاتێکی خاوەن نەوتین و لە 2003ـەوە تا ئێستا لەپێناو گازی ئێران کارەبامان دەبڕێت، واتە خودا تەنیا گازی ئێرانی دروست کردووە؟ ئێمەش گازمان هەیە ئەی بۆ کارەبامان پێنادەن؟ حکوومەت کەی ئاوایە".
لەلایەکی دیکەوە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ کوردستان24، دەڵێن، "سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، وەك بەبرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تێچووی چاککردنەوە، مۆلیدەکانیان هەڵدەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە زۆرەی لە کارەبای نیشتمانیدا هەیە.
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی عومەر عەبدولڕەحمان خاوەنی یەکێک لە مۆلیدە ئەهلییەکان، دەڵێت،"داوا لە حکوومەت دەکەین پشکی گاز بۆ مۆلیدەکان زیاد بکات، تەواوی ئەو ماوەیە کە مۆلیدەکانمان کاری کردووە، بارگرانییەکەی هەمووی لەسەر خۆمان بووە، جگە لەوە باجیش دەدەین، هاوکات هاووڵاتی دێت و دەڵێت نرخ بەرزبووەتەوە، بەڵام نازانن ئەو گازەی حکوومەت بە مۆلیدەکانی دەدات بەش ناکات."
قەیرانی ئێستای کارەبا لە چەند پارێزگایەکی عێراق، لاوازی ژێرخانی کارەبا ئاشکرا دەکات، بۆیە هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندارەکان داوای هەوڵی جددی و بەپەلە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، هەروەها داواکارن لەبری ئەوەی غاز لە وڵاتانی دراوسێ هاوردە بکرێت، غازی ناوخۆی بەکاربهێنرێت.
