ئەمینداری پەرلەمانی عێراق: 27 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە
ئەمینداری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، 27 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، بەڵام هیچیان کورد نین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی کانوونی دووەمی 2026، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ و ژمارەی کاندیدان بۆ ئەو پۆستە، قسەی بۆ شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 کرد.
بە گوتەی گەرگەری، تا کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی کانوونی دووەمی 2026، 27 کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردووە و تا ئێستا هیچ کوردێکی تێدا نییە.
ئەمینداری پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە، سبەی دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەم، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دادەخرێت و هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە دەرنەچووە.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە کراوەتەوە؛ ئەگەر سبەی دووشەممە دەرگاکە دادەخرێت؛ دواتر وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و لیستی کۆتایی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.
پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمانی عێراق بە چەند هەنگاوێکدا تێدەپەڕێت:
1. پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.
2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.
3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.
4. سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.
ئەم پۆستە کە بەپێی نەریتی سیاسی، پشکی کوردە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و پارێزگاری لە دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک خولی دیکە نوێ دەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.
