خاوەن مۆلیدەیەک: دابیننەکردنی سووتەمەنی هەزاران مۆلیدەی لە بەغدا کوژاندووەتەوە

خاوەن مۆلیدەکانی بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
خاوەن مۆلیدەکانی بەغدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

خاوەن مۆلیدەکانی بەغدا لە شێوازی مامەڵەی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵیان و رەچاونەکردنی دۆخیان هەروەها پێنەدانی گاز ناڕازین و داوادەکەن، حکوومەت وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، نوێنەرانی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی عێراق، لە ناوچەی سەوزی بەغدا، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان دژی حکوومەتی عێراق ئەنجام دا و داوایان کرد، سووتەمەنی زیاتر بۆ مۆلیدەکانیان دابین بکرێت.

دوای ڕاگرتنی هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق، بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەوە؛ ئەمەش بارگرانییەکی زیاتری خستە سەر خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، چونکە ئێستا زیاتر لە جاران کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن. 

خاوەن مۆلیدەیەکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە، بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، سووتەمەنی زیاترمان بۆ دابین بکات، چونکە بەم بڕەی ئێستا، ناتوانین کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بکەین. وەزارەتی کارەبای فیدراڵ خۆی گوتوویەتی، ناتوانێت کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، ئەگەر کارەکەیان پێ ناکرێت، با سووتەنیمان پێ بدەن، خۆمان کارەباکە پێشکەشی خەڵک دەکەین."

ئاماژەی بەوەش کرد "لە وەرزی هاوین، حکوومەتی فیدراڵ نزیکەی 45 لیتر گازی بۆ هەر (KV)ـیەک پێ دەداین، ئێستا بڕەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ داوا دەکەین هەمان بڕمان بۆ دابین بکرێت، تا بتوانین کارەبای بەردەوام بۆ خەڵکی خۆمان دابین بکەین، چونکە کارەبای نیشتمانی ڕۆژانە تەنیا چوار بۆ پێنج کاتژمێر هەیە، کەچی ئێمە نزیکەی 18 کاتژمێر کارەبا دەدەین."

خاوەن مۆلیدەیەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کرد "نزیکەی 46 هەزار مۆلیدە لە بەغدا هەن، لە تەممووزی ڕابردووەوە، زیاتر لە سێ هەزاریان بەهۆی ئەم کێشەیەوە چیدیکە کار ناکەن و کوژاونەتەوە."

خاوەن مۆلیدەکان ئاماژەیان بەوەش کرد، . هەموو لایەن و فەرمانگەکان پارەیان لێوەردەگرن و باجێکی زۆریان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا گاز و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ دابین ناکەن. ئەوان گوتیان "ئەگەر سوودانی دەیەوێت لە پۆستەکەی بمێنێتەوە با لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکان بکاتەوە، چونکە هاوکاریکردنی ئەوان خزمەتکردنە بە گەل."

 

قەیرانی کارەبا لە عێراق کێشەیەکی درێژخایەنە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2025 و سەرەتای 2026ـدا بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی گازی ئێرانەوە چڕتر بووەتەوە. وەزارەتی کارەبای عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 ڕایگەیاند، بەهۆی وەستانی تەواوەتی گازی ئێرانەوە، تۆڕی کارەبای نیشتمانی نزیکەی 4000 بۆ 4500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە. ئەمەش وایکردووە حکوومەت پشت بە سووتەمەنی جێگرەوەی ناوخۆیی ببەستێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی پێویست خواست دابین بکات.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل