بەرپرسێکی حووسی: سەنعا خۆی بۆ شەڕێکی یەکلاکەرەوە ئامادە دەکات

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی ئەنسارڵلا 'حووسییەکان' ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە سەنعا بە وریاییەوە چاودێری پێشهاتە مەیدانییەکان دەکەن و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئامادە کردووە. 

عادل ڕاجح، ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی داد و بنیاتنان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هاوپەیمانی دژە لایەنە هاوپەیمانییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی شەفەق نیوز ڕایگەیاند: "ئەوەی لە باشووری یەمەن ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ململانێی نێوان ئەجێندا ناوچەییەکانە 'بە ئاماژەدان بە سعوودیە و ئیمارات' کە کێبڕکێ لەسەر دابەشکردنی هەژموون و بەرژەوەندییەکان دەکەن."

ڕاجح ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئامانجی سەرەکییان لێدانی سەنعا و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەنسارڵلایە، بەڵام جەختی کردەوە "سەرکردایەتی سەنعا لە تەواوی ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی شەڕێکی یەکلاکەرەوە لە دژی ئەو ئەجێندا ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە."

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان پشتڕاستیان کردەوە؛ پارێزگای حەزرەتلمەوت لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، شایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیداری ئەمنیی بووە. ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی سێشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی سعوودیە، چەند دامەزراوەیەکیان لە نزیک بەندەری "موکەلا" بۆردومان کرد.

ئەم هێرشانە نیگەرانییەکی زۆری لای چالاکوانانی باشوور دروست کردووە، بەوپێیەی کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتی ئابووریی و بژێوی دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت.

لە ڕووی سیاسییەوە، ڕەشاد محەممەد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، باری نائاسایی بۆ ماوەی 90 ڕۆژ لە سەرانسەری وڵات ڕاگەیاندووە و هاتوچۆی ئاسمانی، وشکانی و دەریایی لە چەند دەروازەیەکی سەرەکی سنووردار کردووە.

ئەم بڕیارانە هاوکاتن لەگەڵ شەپۆلێکی خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە شارەکانی عەدەن و موکەلا، کە تێیدا خۆپێشاندەران داوای ڕاگەیاندنی "دەوڵەتی سەربەخۆی باشوور" دەکەن. ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی دابەشکارییە سیاسییەکان و چەقبەستوویی پڕۆسەی ئاشتییە لە یەمەن.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا26ـی کانوونی یەکەمی 2025، ناحیەی "غەیل بن یامین" لە حەزرەتلمەوت بووە گۆڕەپانی پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور و چەکدارانی هۆزەکان، دواتر لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە کرایە ئامانج. شارەزایان پێیان وایە ئەم ئاڵۆزییانە ئاماژەن بۆ قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری ململانێکان لە یەمەن کە ڕەنگە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە.