لە باشووری بەغدا 100 کەس ژەهراوی بوون
ئەمڕۆ شەممە4ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیاندراوێکدا تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی یوسفیەی باشووری بەغدا، 100 کەس دوای خواردنی ژەمە خۆراکێک کە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە دابەشکرابوو، تووشی ژەهراویبوون بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، نەخۆشخانەی گشتیی عامریە پێشوازی لە 100 تووشبوو کردووە کە نیشانەکانی ژەهراویبوونیان لێ دەرکەوتووە. سەرجەم تووشبووەکان دانیشتووی ناوچەی "سەدرول یوسفیە"ن و ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواردنیان لە کەسێکی نەناسراو وەرگرتووە.
سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایانگەیاندووە؛ بریندارەکان لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان و دۆخی تەندروستییان جێگیرە. هاوکات هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی دابەشکەری خواردنەکە و هۆکاری ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
