ئەگەری هەیە چوارچێوەی هەماهەنگی دوو کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەبێت
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لایەنە شیعەکان هێشتا کاندیدی سەرۆک وەزیرانیان یەکلایی نەکردووەتەوە. وا دەردەکەوێت ئەو مەرجانەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران دایناون، بەسەر محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکیدا جێبەجێ نابن.
جەزائیری ئاشکرایکرد، هێشتا مالیکی و سوودانی سوورن لەسەر کاندیدبوونیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق. ئەگەر هیچ کامیان لە داهاتوودا نەکشێنەوە، ئەوا لایەنە شیعەکان بە دوو کاندیدەوە دەچنە کێبڕکێوە؛ هەرکەسێکیان بتوانێت لایەنەکانی دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی قایل بکات دەنگی پێبدەن، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی چەندان مەرجی بۆ کاندیدی داهاتووی سەرۆک وەزیران داناوە. لە دیارترین مەرجەکان ئەوەیە نابێت کاندیدەکە پۆستی سەربازیی یان ئەمنیی هەبووبێت، هیچ پارتێکی سیاسی دروست نەکات و خۆی بۆ ویلایەتی دووەم کاندید نەکاتەوە، مەگەر چوارچێوەکە خۆی دووبارە کاندیدی بکاتەوە. ئەم مەرجانە گفتوگۆ و ناکۆکییەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکەی زیاتر کردووە، چونکە ڕەنگە لەگەڵ بەشێک لە کاندیدە بەهێزەکاندا نەگونجێن.
لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.
بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ.
