پەرلەمانتارێک: پارتی چاوەڕێی کاندیدی یەکێتی دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی جەخت لە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکەنەوە. 

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2025،  فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پێشوازی لە فراکسیۆنی یەکێتیتیی نیشتمانیی کوردستان کرد. 

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکدا بە شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "فراکسیۆنی یەکێتی بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە شاخەوان عەبدوڵڵا کە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی کراوەتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەردانیان کردین. هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک کرا."

بە گوتەی دووبەردانی "هەردوو سەرۆک فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی جەختیان لەوە کردەوە، نابێت ناکۆییەکانی نێوان هەردوو حزب لە هەرێمی کوردستان بگوازرێنەوە بۆ بەغدا؛ پێویستە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن و پێکەوە کار بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی گەلی کوردستان بکەن."

بڕیارە کاتژمێر 03:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دابخرێت. تا ئێستا زیاتر لە 45 کەس خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە. 

لەبارەی ڕای پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار، پەرلەمانتارەکە باسی لەوە کرد، حزبەکەی چاوەڕێی یەکێتی دەکات کە کێ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات، دواتر هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت. باسی لەوەش کرد، پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەش، بە تایبەت شیعە، پێیان باشە کورد یەک کاندیدی هاوبەشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەبێت. 

بەپێی ماددەی 72ی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، ماوەی 30 رۆژ لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات. دوای ئەوەی هەڵبژێردرا، سەرۆکی نوێی کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە بە پێی نەریتیی سیاسی، پشکی پێکهاتەی شیعەیە، ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ. 

لە ڕۆژی چوارشەممەوە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە کراوەتەوە؛ ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە دەرگاکە داخرا؛ وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و لیستی کۆتایی بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت. 

 

پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەناو پەرلەمانی عێراق بە چەند هەنگاوێکدا تێدەپەڕێت:

1.  پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز دەکات. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.

2. گەڕی یەکەمی دەنگدان: لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.

3. گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو): ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم. لەم گەڕەدا، تەنها ئەو دوو کاندیدە ڕکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

4.  سەرۆکی هەڵبژێردراو: دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.

ئەم پۆستە کە بەپێی نەریتی سیاسی، پشکی کوردە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و پارێزگاری لە دەستوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. ماوەی سەرۆکایەتی چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک خولی دیکە نوێ دەکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 29 و 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی خۆی بۆ خولی شەشەمی یاسادانان هەڵبژارد. پرۆسەکە بە هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبووسی وەک سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان فەیحان وەک جێگری یەکەم و فەرهاد ئەترووشی وەک جێگری دووەم کۆتایی هات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل