هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بە تەواوی ڕاوەستاوە
تانکەر تراکس، ڕایگەیاند، لە دوای ڕووداوی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەک لە بارەی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلاوە نەگەیشتووە بە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە و بە تەواوی هەناردەکردن ڕاوەستاوە.
یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، ماڵپەڕی تانکەر تراکس، ڕایگەیاندووە، هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا بە تەواوی وەستاوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەندەرەکان هیچ داواکارییەکیان پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە کەشتییە نەوت هەڵگرەکان و تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت بدرێت کە نەوتی ڤەنزوێلا بگوازنەوە و هەناردەی دەرەوەی بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ نزمترین ئاست دابەزیبوو، لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا گەمارۆی سەر هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە سزادراوانەی کە دەچنە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا و دەرچوونیان ڕاگەیاندبوو.
ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا، دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی لە کاراکاس دەستگیرکرد و ڕایگەیاند، ئەمەریکا خۆی سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەکات لە ڤەنزوێلا و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا وەبەرهێنان دەکەن لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، گەمارۆی نەوت لەسەر ڤەنزوێلا بە تەواوی کاریگەر بووە، بە هۆیەوە حکوومەتەکەی مادۆرۆ لە ماوەکانی ڕابروودا سست و لاواز بوو.
داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان دەریدەخەن، چەند کەشتییەک کە بەم دواییە نەوتی خاو و سووتەمەنییان بارکردبوو، وابڕیاربوو بەرەو چەند شوێنەکانی مەبەست لەوانە ئەمریکا و ئاسیا بڕۆن، هێشتا لە بەندەرەکاندا ماونەتەوە و نەڕۆیشتوون، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە کە چاوەڕێی بارکردن بوون، بە بەتاڵی بەندەرەکانیان جێهێشتووە.
لە دوایین ڕاگەیەندراوی ماڵپەڕی "تانکەر تراکس"دا هاتووە، لە ڕۆژی شەممەوە تاوەکو ئێستا هیچ بارهەڵگرێک لە بەندەری "خوسێ" کە تایبەتە بە گواستنەوەی نەوتی ڤەنزوێلا، نەوتی لەو وڵاتە بار نەکردووە، ئەوانەشی نەوتیان بارکردووە لە نێو بەندەرەکەدا ماونەتەوە.
