نەعیم قاسم: دەبێت سوپای لوبنان پڕچەک بکرێت
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە وتارێکدا بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، چەند پەیامێکی سیاسی و سەربازی گرنگی ئاراستە کرد.
نەعیم قاسم ڕایگەیاند: "وەک حزبوڵڵا، لوبنانێکی خاوەن سەروەری، ئازاد، سەربەخۆ و بەتوانامان دەوێت. ئامانجمان ئەوەیە لوبنان دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا بسەپێنێت، بەتایبەتی لە باشوور. دەمانەوێت گەلەکەمان لە هەڵبژاردنە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا ئازاد بن و ڕێگری لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بکرێت."
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا جەختی لە پێویستی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز کردەوە و گوتی: "پێویستمان بە پێکهاتەیەکی کارگێڕی یەکگرتوو و سوپایەکی بەهێز هەیە. دەبێت سوپای لوبنان بەجۆرێک پڕچەک بکرێت کە بتوانێت پارێزگاری لە نیشتمان بکات لە بەرامبەر دوژمنان و ڕووبەڕووی باندەکانی ماددەی هۆشبەر و تاوانکاران ببێتەوە." هەروەها داوای دادپەروەریی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی کرد بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەردەوام بن لە کارەکانیان.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای وڵات، قاسم ئاماژەی بەوە کرد؛ ئەولەویەتی ئەوان "ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل، گەڕانەوەی دیلەکان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە." گوتیشی: "دوای ئەمانە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر ستراتیژییەکی نیشتمانی بکەین بۆ پاراستنی داهاتووی وڵات."
نەعیم قاسم داوای کرد هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و جەختی لە پاراستنی مافی وەبەرهێنەران و گەڕانەوەی سەرمایەکانییان کردەوە. ئاماژەی بەوەش دا، یەکڕیزیی نەتەوەیی لە بەرامبەر دوژمنان بنەمای سەرەکییە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانیش دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا چارەسەر بکرێن.
لە کۆتاییدا، قاسم هۆشداریدا لە دەستوەردانی دەرەکی و گوتی: "ئەوانەی دەستوەردان لە وڵاتەکەماندا دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیانە نەک ئێمە."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە لوبنان لەژێر فشاری ئەمەریکا و ئیسرائیلدایە بۆ داماڵینی چەکی حزبوڵڵا. هاوکات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریداوە، ئەگەر بەیڕووت ڕێگری لە جبەخانەی چەکەکانی حزبوڵڵا نەکات، وڵاتەکەی ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.
