زاخۆ بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر شورتە 7 یاریزانی لەدەست داوە
شورتە لەوەتەی 2003ـەوە نەیتوانیوە لە زاخۆ بباتەوە
ئەمڕۆ لە یاری لوتکەی گەڕی دەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی زاخۆ بەبێ حەوت یاریزانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی شورتە دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 4 جەنیوەری 2026، لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە کاتژمێر 06:30ـی ئێوارە، زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە شاری بەغدا دەبێتە میوانی یانەی شوڕتە. یانەکەی دەلال ئەم وەرزە لە کۆی 9 یاری، خاوەنی 4 بردنەوە و 2 دۆڕان و سێ بەرامبەربوونە و بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ، خانەی حەوتەمی ریزبەندی گرتووە، لە بەرامبەردا شوڕتە خاوەنی 15 خاڵە و بە جیاوازی گۆڵ خانەیەک لە پێش زاخۆ دێت.
زاخۆ وەرزی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی گەورەی بەرامبەر شوڕتە نوسیەوە، دوای ئەوەی توانیان لە هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە ئەو یانەیە تووشی دۆڕان بکەن، بەمەش زاخۆ، خاوەنی باشترین هاندەری جیهان، لەوەتەی ساڵی 2023 هیچ یارییەکی بەرامبەر رکابەرەکەی نەدۆڕاندووە.
یەکێک لە کێشە گەورەکانی ویسام رزق راهێنەری قەتەری یانەی زاخۆ بۆ ئەم یارییە، ئامادەنەبوونی حەوت لە یاریزانەکانیەتی بۆ یارییەکە بە هۆكاری جیاواز، ئەوانیش بریتین لە ئۆرینهۆ، ناسر محەمەدۆ، ئەحمەد ئیبراهیم، شێرکۆ کەریم، شڤان جەمیل، حەمید حاجی و محەمەد عەلی عەبود.
