ئەمڕۆ دهۆك رووبەڕووی راهێنەری پێشووی دەبێتەوە

دوای ئەوەی شكستیان بە دوو بەهێزترین یانەی عێراق هێنا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

گرتەیەك لە یاریی دهۆك و جەوییە لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق
گرتەیەك لە یاریی دهۆك و جەوییە لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق

 

لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆکیش لە یاریگای خۆی پێشوازی لە ئەمانەی بە‌غدا دەکات، ئەم دوو یانەیە لە دوایین دوو یاریی رابردوو شكستیان بە دوو بەهێزترین یانەی خولەكە هێناوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارە مێژووییەكانیان بێت، دهۆك ئەمڕۆ بەربژێری سەرەكییە بۆ بەدەستهێنانی 3 خاڵی یارییەكە.
یانەی دهۆک دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش و بە تایبەتی بردنەوە گەورە و مێژووییەکەی گەڕی رابردوو بەرامبەر قوەجەوییە، ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی لە 06:30ـی ئێوارە میوانداری یانەی ئەمانەی بەغدا دەکات.
 ئەلهویێن چیا پێنج یارییە لەسەر یەک هیچ دۆڕانێکی نیە و لەو پێنج یارییەش خاوەنی سێ بردنەوە و دوو بەرامبەربوونە. دوایین دۆڕانیشیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو بەرامبەر تەڵەبە بوو، لە گەڕی چوارەمی خولەکە.
دهۆک ئەم وەرزە لە کۆی 9 یاری رابردووی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، خاوەنی سێ بردنەوە، دوو بەرامبەربوون و چوار دۆڕانە و بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ، خانەی چواردەی ریزبەندی گرتووە، بە بردنەوەیان لەم یارییەش تاوەکو پلەی دەیەمی ریزبەندی سەردەکەوێت.
دهۆک لە پێنج یاری رابردووی بەرامبەر ئەمانە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و لەو پێنج یارییەش خاوەنی دوو بردنەوە و سێ بەرامبەربوونە، دوایین رووبەڕووبونەوەشیان دوو ساڵ لەمەوبەر بوو، کە یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
یانەی ئەمانەی بەغدا لەژێر سەرپەرشتی ئەحمەد خەلەفی راهێنەری پێشووتری دهۆك ئاستی بەرەو هەڵكشان دەچێت، لە دوایین یارییش شكستی بە یانەی شورتە هێنا و زەنگی مەترسی بۆ ركابەرەكانی لێ دا، لە ئێستا بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ بۆ خانەی دەیەمی ریزبەندی سەركەوتووە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل