بۆ یەکەمجار لە مەهاباد پێشانگایەکی هونەری پەت و بزمار کرایەوە

شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، میوانداریی پێشانگایەکی هونەریی جیاوازی کرد کە تێیدا خانمە هونەرمەندێک بە بەکارهێنانی پەت و بزمار، پۆرترێتی سیمبولە ناسراوەکانی کورد و ڕەهەندە کلتوورییەکانی ناوچەکەی نەخشاندووە. 

ئەم پێشانگایە کە یەکەمین ئەزموونی لەو شێوەیەیە لە شارەکەدا، سەرنجی زۆری خولیایانی هونەر و هاووڵاتیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
ژیلا کەریمی، ئەو خانمە هونەرمەندەیە کە توانیویەتی لە ڕێگەی 30 تابلۆی جۆراوجۆرەوە، هونەری (فیلۆگرافی) یان پەت و بزمار بە شێوازێکی مۆدێرن و کلتووری نمایش بکات.

 تابلۆکانی ئەم پێشانگایە پۆرترێتی کەسایەتییە مەزنەکانی وەک محەمەدی ماملێ، حەسەن زیرەک و مامۆستا هێمن، لەگەڵ تابلۆی تایبەت بە نەخشی (هەوری) و کلتووری ڕەسەنی کوردی لەخۆدەگرن.

ئەم هونەرمەندە باس لەوە دەکات کە لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای کاری هونەری بووە و ئێستا توانیویەتی داهێنان لەم بوارەدا بکات، بە جۆرێک کە لە هەندێک کاریدا هونەری پەت و بزماری لەگەڵ فەرش و ڕەنگکردنی سەر داری (MDF) تێکەڵ کردووە بۆ ئەوەی ڕەهەندێکی جوانتری پێ ببەخشێت. 

دروستکردنی ئەم تابلۆیانە وردکاری و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، چونکە هونەرمەند دەبێت بە دیقەتێکی زۆرەوە پەتەکان لە نێوان بزمارەکاندا ڕێکبخات تاوەکو وێنەکان وەک خۆیان دەربچن.

هاووڵاتیانی مەهاباد بە گەرمی پێشوازییان لەم پێشانگایە کردووە و دەستخۆشییان لە توانای ئافرەتان کردووە لە بواری کاری دەستی و هونەریدا. 

ئامادەبووان ئاماژە بەوە دەکەن، بینینی وێنەی شاعیران و گۆرانیبێژە ناسراوەکانی کورد بەم شێوازە نوێیە، هەستێکی تایبەتیان پێ دەبەخشێت و نیشانەی زیندوێتیی کلتووری ناوچەکەیە.
شاری مەهاباد وەک ناوەندێکی گرنگی ئەدەب و هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێت و مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە پەروەردەکردنی هونەرمەندانی گەورەدا هەیە، هونەری پەت و بزمار (Filography) کە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، ئێستا وەک هونەرێکی هاوچەرخ پەرەی سەندووە و هونەرمەندانی کورد هەوڵ دەدەن بە تێکەڵکردنی لەگەڵ سیمبولە نەتەوەییەکان، ناسنامەیەکی نوێ بەم جۆرە هونەرە ببەخشن و لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە کلتوور و مێژووی گەلەکەیان بکەن.

 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل