سوننەکان سەرۆکایەتی 6 بۆ 7 لیژنەی پەرلەمان وەردەگرن
پەرلەمانتارێکی سوننە ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەم خولەی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی شەش بۆ حەوت لیژنەی پەرلەمانی دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی کانوونی دووەمی 2026، فەیسەل عیساوی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی تەفەوق، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، پشکی سوننەکان لە لیژنەکانی پەرلەمان سەرۆکایەتیکردنی 6 بۆ 7 لیژنەیە. هەروەها پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی 6 لیژنەی دیکەشیان بەردەکەوێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، تا ئێستا بەتەواوی یەکلا نەبووەتەوە کام لیژنەکان دەبن. هۆکارەکەیشی ئەوەیە، دابەشکاریی لیژنەکان پێچەوانەی ئەو وەزارەتانەیە سوننەکان وەریانگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، پشکی سوننەکان لە حکوومەتی عێراقدا 6 وەزارەتە و 2 لە وەزارەتەکان سیادین. هاوکات، ژمارەیەک دەستە و بریکاری وەزارەتەکانیشیان بەردەکەوێت.
دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق بەپێی بەها و قورسایی فراکسیۆنە سیاسییەکان و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوانیان دەبێت. لە خولی ئێستای پەرلەماندا، هەروەک خولەکانی پێشوو، ئەم بابەتە مشتومڕ و دانوستانی زۆری لەنێوان لایەنەکاندا دروست کردووە.
