ڕوانگەی عێراقی سەوز: بەهۆی پیسی هەواوە بەغدا بووە بە جەنگەڵێکی کۆنکرێتی
ڕوانگەی عێراقی سەوز، ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا فریای هەوا و ژینگەی بەغدا نەکەون، شارەکە دەخنکێت.
یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕوانگەی عێراقی سەوز، لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوەیەکی زۆرە کوالێتی هەوای بەغدا خراپە و ئێستا بەڕادەیەک پیسبووە، کە هەوری پیسبووی لە ئاسمانی شارەکە دروست کردووە.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، " زۆری ژمارەی کارگە و دامەزراوە پیشەسازییەکان هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوای پایتەختن، ژمارەیەکی زۆر لە کارگانە، کە نزیکەی 10 هەزار دەبن، بە تایبەتی کارگەی خشت و قیر و دەرمان، گەورەترین هۆکاری پیسبوونی هەوای ئەو شارەن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، "زۆربەی ئەو کارگانە سووتەمەنی کوالێتی نزم وەک نەوتی خاو بەکاردەهێنن، کە کاتێک دووکەڵەکەی تێکەڵ بە هەوا دەبێت ، دەبێتە هۆی دروستکردنی ماددەی ژەهراوی، کە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر هاووڵاتیان هەیە، هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کۆن و لاوازی چاودێری لەلایەن دەسەڵاتەوە هۆکارێکی دیکەی زیاتر پیسبوونی هەوای شارەکەن.
لە ڕاگەیێندراوەکەی ڕوانگەی عێراقی سەوز هاتووە"تەنیا لە پایتەخت زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، ئەمە جگە لە کەمی شوێنی سەوزایی و ڕووەک، بۆیە بەغدا گۆڕاوە بۆ جەنگەڵێکی کۆنکرێتی، هاوکات چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون ودوکان و مۆڵ هەن،کە لە شوێنی دیاریکراو بۆ پارک و سەوزایی دروستکراون.
ڕوانگەکە هۆشداری داوە، "کوالێتی هەوا لە بەغدا لەڕادەبەدەر خراپە و ئەگەری هەیە هاووڵاتییان دووچاری تووشبوون بە سەرئێشە و سکچوون و خنکان بکات، ئەگەر لە چەند مانگی داهاتوودا زیاتر پیسبێت و پێشی پێنەگیرێت".
پێشتر هەڵۆ ئەلعەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق، ڕایگەیاندووە، بە هۆی زۆری ژمارەی کارگە پیشەسازییەکانی ناوخۆیی و زبڵخانەکان بەغدا تووشی کێشەی گەورەی ژینگەیی دەبێتەوە.
ئەلعەسکەری، ئاماژەی بەوەکردووە، "زبڵخانەکانی نەهرەوان و ئەلنەبەعی، هۆکاری پیسبوونی هەوای بەغدان، چونکە بنەمای تەندروستییان تێدا نییە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەت بە هاوکاری پۆلیسی ژینگە 213 شوێنی توانەوەی کانزاکانی داخستووە، هەروەها 241 کارگەی خشت لە نەهرەوان هەن، کە دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا، هەروەها 30 کارگەش داخراون ".
ڕوانگەی عێراقی سەوز کە لە بواری پاراستن و چاککردنی ژینگە کار دەکات، لە بارەی پیسبوونی هەوای شاری بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هۆشداری داوە بە حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان، ئەگەر بۆ باشترکردن و پاککردنەوەی ژینگە و هەوای شارەکان ڕێکاری توند نەگیرێتەبەر ئەوا لە داهاتوودا بەشێک لە شارەکانی عێراق بە تایبەت بەغدا تووشی کارەساتی گەورەی ژینگەیی دەبێتەوە .
