کۆبوونەوەی هەسەدە و حکوومەتی سووریا کۆتاییهات

کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی باڵای (هەسەدە) و بەرپرسانی حکوومەتی سووریا لە بارەی تێکەڵکردنی هێزەکانیان کۆتاییهات

یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026، میدیاکانی نزیک هەسەدە بڵاویان کردووەتەوە، کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی نێوان شاندێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەرپرسانی حکوومەتی سووریا لە دیمەشق کۆتایی هات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بووە لەسەر چوارچێوەی پرۆسەی تێکەڵبوونی سەربازی لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریادا.

تا ئێستا وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە یان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە و بڕیارە دواتر ئەنجام و وردەکارییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێنەوە.

هاوکات تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاوی کردەوە، کە کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی لێنەکەوتووەتەوە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەرزی واقیع

ڕاشیگەیاندووە، ئامانجی کۆبوونەوەکان بەدواداچوون بووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار، بەڵام گفتوگۆکان نەبوونەتە هۆی خێراکردنی پرۆسەکە، تەنیا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدەن، بەبێ دیاریکردنی کاتەکەی.

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد موەفەق زەیدان، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا بۆ کاروباری میدیایی هۆشداری داوە بژاردەکان لەگەڵ هەسەدە سنووردار بوونەتەوە.

زەیدان جەختی کردەوە کە پێویستە هەسەدە بەرپرسیارێتی جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی هەڵبگرێت، بەتایبەت کە ڕێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی وڵاتانی وەک ئەمەریکا و تورکیا واژۆ کراوە.

هەر ئەمڕۆ بەیانی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاندبوو، شاندێکی سەرکردایەتیی هەسەدە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا لە کۆبوونەوەدایە.

ئەندامانی شاندەکەی هەسەدە پێکهاتوون لە:

- مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات.

- سۆزدار حاجی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە.

- سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جەنەراڵ کێڤن جەی لامبێرت، فەرماندەی هێزەکانی "عەزمی پتەو" (Operation Inherent Resolve) بەڕێوەچووە، کە ئەمەش گرنگیی نێودەوڵەتیی دانوستانەکان نیشان دەدات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل