زێلێنسکی: ڕووسیا لە هەفتەیەکدا بە زیاتر لە 2000 بۆمب و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاماری هێرشە چڕەکانی ڕووسیای لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بەرەوڕووی شەپۆلێکی گەورەی بۆردومان بووەتەوە.
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل و ناچارکردنی مۆسکۆ بۆ گرتنەبەری ڕێگەی دیپلۆماسی، پێویستییەکی بەپەلەیان بە بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان هەیە.
سەرۆکی ئۆکرانیا لە نوێترین پەیامیدا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای ڕووسیا تەنها لە ماوەی 7 ڕۆژی ڕابردوودا، 1070 بۆمبی ئاسمانیی، نزیکەی هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و 6 مووشەکی ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئۆکرانیا کردووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕوونیکردەوە، ئەم هێرشانە ڕۆژانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵکی سڤیل دروست دەکەن.
زێلێنسکی داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کرد، پڕۆسەی ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان، بەتایبەتیش لەبواری سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، خێراتر بکەن.
ئەو باسی لەوە کرد، هەر مووشەکێکی بەرگری کە لە کۆگاکانی وڵاتانی هاوپەیمان جێگیر داندراوە، ڕەوانەی ئۆکرانیا نەکراون، ئەو مووشەکانە دەتوانن ئێستا گیانی چەندین مرۆڤ لە مردن ڕزگار بەکن.
بە بڕوای سەرۆکی ئۆکرانیا، سەقامگیری و بەردەوامیی پشتگیرییە دەرەکییەکان تەنیا ڕێگەیە بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچار بکرێت گفتوگۆی دیپلۆماسی بکات،، هەر بۆیە کیێڤ چاوەڕوانی جێبەجێکردنی بەڵێنە ئەمنییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپایە.
لەسەر ئاستی مەیدانی، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: لە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ڕووسیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، توانیویانە 39 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆی 52 دانە تێکبشکێنن، لە بەرانبەردا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند: هێزەکانیان لە ماوەی شەوی ڕابردوودا 90 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان لە ئاسمانی ڕووسیا خستووەتە خوارەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022وە بەردەوامی هەیە و زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان نەبنە هۆی کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەوا وڵاتەکەی هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە خاک و سەروەری خۆی، کیێڤ بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی کلیلی کۆتاییهێنان بەم ململانێیە، پڕچەککردنی سوپای ئۆکرانیایە بە سیستەمی پێشکەوتوو بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە ئاسمانییەکانی مۆسکۆ.
