ڕوبیۆ بۆ سەرکردەکانی ڤەنزوێلا: چاومان لەسەر کردەوەکانتانە
دوای ئەوەی دادگای باڵای ڤەنزوێلا دێڵسی ڕۆدریگێزی وەک سەرۆکی کاتیی وڵات بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان دیاری کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە سەرکردایەتیی نوێ و ڕایدەگەیەنێت، مامەڵەی واشنتن لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای کردەوەکانیان دەبێت و ئەگەر بڕیاری هەڵە بدەن، کارتی فشاری زۆریان لەبەردەستدایە.
یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ئەگەر سەرکردەکانی ئێستای ڤەنزوێلا بڕیارێکی دروست بدەن، ئامادەینە کاریان لەگەڵ بکەین.
دەشڵێت: ئێمە لەسەر بنەمای کردەوەکانیان بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدەین و دەبینین چی دەکەن.
مارکۆ ڕوبیۆ باسی لەوەش کرد، ئەگەر سەرکردەکانی ڤەنزوێلا بڕیاری دروست نەدەن، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەندین کارتی فشاری لەبەردەستدا دەمێنێتەوە.
وەزیری ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دەسگیرکردنی مادورۆ لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی ئەمەریکا بووە و پێویستی بە ڕەزامەندیی کۆنگرێس نەبووە. ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەنجام درا "داگیرکاری" نەبووە و هیچ هێزێکی زەمینیی ئەمەریکا لەسەر خاکی ڤەنزوێلا نییە، بۆیە پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتی کۆنگرێس نەبووە.
سەبارەت بە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ڤەنزوێلا لە قۆناغی داهاتوودا، ڕوبیۆ چەند مەرجێکی سەرەکیی خستەڕوو بۆ ئەوەی فشارەکان لەسەر ئەو وڵاتە لاببرێن ئەوانیش، نابێت چیتر ڤەنزوێلا ببێتە چوارڕیانێک بۆ چالاکیی نەیارانی ئەمەریکا. دەبێت کۆتایی بە بوونی ئێران و چەکدارانی حزبوڵڵا لەو وڵاتە بهێنرێت. ڕاگرتنی تەواوەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و نابێت پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ دەوڵەمەندکردنی نەیارانی ئەمەریکا بەکاربێت.
جەختیشی کردەوە: ئەمە نیوەگۆی ڕۆژئاوایە و شوێنی ژیانی ئێمەیە، ڕێگە بە نەیاران و ڕکابەرەکانی وەک چین و ڕووسیا نادەین لێرە بکەنە بنکەی ئۆپەراسیۆن و دزینی سامان، وەک چۆن لە ئەفریقا دەیکەن.
وەزیری ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕەخنەی توندی لەو شارەزا و شرۆڤەکارانە گرت کە دۆخی ئێستای ڤەنزوێلا بە سیناریۆکانی عێراق، لیبیا یان ئەفغانستان دەچوێنن و بە "کڵۆڤن" (پەڵیایچۆ) ناوی بردن و گوتی: ڤەنزوێلا وڵاتێکی ڕۆژئاواییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە، تەنیا کێشەکە ئەو سیخوڕە ئێرانیانەن کە لەوێوە پیلان دژی ئەمەریکا دەگێڕن.
فەرمانگەی دەستووری لە دادگای باڵای ڤەنزوێلا بڕیاری دا، دێڵسی ڕۆدریگێز، جێگری سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ، ئەرکی سەرۆکایەتیی وڵات بە وەکالەت بگرێتە ئەستۆ بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت و پاراستنی نەتەوە.
هەروەها دادگا ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوتوێی ڕێکارەکان دەکەن بۆ "دیاریکردنی ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی بەردەوامیدان بە بەڕێوەبردنی وڵات و حکوومەت و پاراستنی سەروەری ڤەنزوێلا دوای نەمانی سەرۆک کۆمارەکەی بە زۆرەملێ و دەستگیرکردنی."
دێڵسی ڕۆدریگێزی، تەمەن 56 ساڵ، خەڵکی کاراکاس و دەرچووی بەشی یاسایە؛ زیاتر لە 20 ساڵە وەک یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی "چاڤیزم" و بە هاوپەیمانێکی نزیکی نیکۆلاس مادورۆ دەناسرێت.
دوێنی شەممە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.
