ئەگەری درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی کاندیدانی سەرۆک کۆمار هەیە

پەرلەمانی عێراق سبەی دووەمین کۆبوونەوەی وەرزی یەکەمی خولی شەشەمی یاسا دانان بەڕێوە دەبات، کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی پێشکەشکردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەگەریش هەیە وادەکە درێژ بکرێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەی سبەی 5ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق تەنیا پرسی دابەشکردنی لیژنەکان لە نێوان کوتلە و فراکسیۆنەکان یەکلایی دەکرێنەوە و بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.

دووەمین کۆبوونەوەی وەرزی یەکەمی یاسادانانی خوولی شەشەمی پەرلەمان، هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی پێشکەشکردنی کاندیدانی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، کە پشکی کوردە بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی پێشووتر لە نێوان شیعە و عەرەبی سوننە و کورد کراوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی کۆدەنگی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆک کۆماری نوێ، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەگەر هەیە ماوەی پێشکەشکردنی کاندیدەکان درێژ بکرێتەوە.

بە پێی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی کاروباری پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە، سبەی دووشەممە کاتژمێر 10ـی بەیانی کۆبوونەوەکە دەست پێدەکات و لە بڕگەی یەکەم پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدان، لە بڕگەی دووەمیشدا، بە گوێرەی پەیڕەوەکە، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەکانی پەرلەمانی، لە بڕگەی سێیەمدا دەرگای گفتوگۆی گشتی دەکرێتەوە بۆ ئەندامان و فراکسیۆنەکان قسە لەسەر لیژنەکان بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل